فێستیڤاڵی میوزیکی نەتەوەکانی ئێران لە سنە بەڕێوەدەچێت

27-09-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری سنە دەڵێت، چەند رۆژێکی دیکە فێستیڤاڵی میوزیکی نەتەوەکانی ئێران لە سنە بەڕێوەدەچێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە "دەبێ پێگەی شارەکە وەک شاری داهێنەری میوزیک بپارێزرێت". سنە لە ساڵی 2019 لە لایەن ئاژانسی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو شاری داهێنەر لە بواری میوزیکدا ناسێندرا.
 
ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنە رۆژی سێشەممە، 26-9-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەرپرسانی ئەو پارێزگایە بەرنامە و پلانی ستراتیژییان داناوە بۆ ئەوەی پێگەی هونەر و میوزیکی کوردی لە سنووری پارێزگاکە تۆکمەتر و بەهێزتر بکرێت.
 
ئیسماعیل زارعی کوشا گوتی، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە لە رۆژانی 30ی ئەیلوول تاوەکو 3ی تشرینی یەکەمی 2023 لە شاری سنە فێستیڤاڵی میوزیکی نەتەوەکانی ئێران بەڕێوەبچێت و جەختی لەوەشکردەوە کە "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانمان لە سازکردنی ئەو فێستیڤاڵە بەهێزکردنی بواری کۆمەڵایەتییە".
 
زارعی کوشا باسی لەوە کرد کە میوزیک لەنێو کورددا دێرینە و کوردستانی وەکو "لانکەیەکی سەرەکیی میوزیک لە هەموو جیهان" ناوبرد و گوتی، بۆیە سازکردنی فێستیڤاڵێکی میوزیک لە سنە "گرنگە و دەبێ لە بواری گەشەپێدانی هونەری و کولتوورییدا سەرنجمان لەسەری بێت".
 
پارێزگاری سنە ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بەشێوەیەکی باش و پرۆفێشناڵانە دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشەپێدانی سێکتەری گەشتیاریی پارێزگای سنە.
 
بڕیارە لە فێستیڤاڵی میوزیکی نەتەوەکانی ئێراندا لە سنە 24 بەرهەمی میوزیکی 18 پێکهاتەی جیاوازی ئێران پێشکێش بکرێت.
 
لە 31ـی تشرینی یەکەمی 2019 دا کە رۆژی جیهانیی شارەکانە، ئاژانسی یونسکۆ 66 شاری جیهانی خستە نێو لیستی شارە داهێنەرەکانی جیهانەوە کە دوو شاری کوردستانیش لە لیستەکەدا بوون. یەکێکیان سنە بوو و وەکو شاری داهێنەر لەبواری میوزیک دەستنیشانکرا و ئەوی دیکەشیان سلێمانی بوو کە وەکو شاری ئەدەب دەستنیشانکرا.
 
هۆکاری چوونە نێو ئەو لیستە بۆ شاری سلێمانی پێشکەوتنی بووە لە بواری ئەدەبییەوە و هۆکاری چوونی سنەش بۆ نێو لیستەکە پێشکەوتنی بوو لە بواری میوزیکدا لەم ساڵانەی رابردوودا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە