چۆن وا بکەین کارکردن ژیانمان لێ تاڵ نەکات؟

27-06-2024
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێکی زۆری ئیش و کارەکانی ئەمڕۆ وایلێهاتووە، جگە لەو کاتانەی لەسەر کاریت، زۆر جار لەلایەن هاوپیشەکانتەوە داوات لێدەکرێت بێیتەوە سەر کار یان چەند کاژێرێک لە کاتی پشووی خۆت ببەخشیت و بە ئۆنڵاین لەگەڵیان کاربکەیت. 
 
چۆن وا بکەین ئەم رۆتینە کاتە خۆشەکانی ژیانمان نەدزێت؟ ئەگەر لە کاتی پشوودا لەلایەن هاوپیشەکانتەوە بێزار دەکرێیت، ئەم راپۆرتە بۆ تۆیە.
 
دەکرێت لەو کاتانەی لە پشوو دایت، پەنا ببەیتە بەر بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا؛ ئامرازێک کە دەکرێت، رۆژەکەت ناخۆشتر بکات، لە جیاتی خۆشکردنی. ماڵپەڕی واشنتن پۆستی ئەمریکی چەند تەکنیکێک پێشنیاز دەکات بۆ ئەوەی چەند سنوورێک بۆ ئەو هاوپیشانەت دابنێیت کە تەنانەت لە کاتی پشووشدا بێزارت دەکەن، بەبێ ئەوەی لە کارەکەت دەربکرێیت. 
 
چەند سنوورێک دابنێ و پێیانەوە پابەند بە
 
هاوپیشەکانت باکیان نییە لەوەی لە کاتی پشووشدا نامەی کارت بۆ بنێرن، گوتنی 'نەخێر' دەکەوێتەوە سەر خۆت. دەبێت هێزی بەکارهێنانی وشەی 'نەخێر' بەکاربهێنیت، واتە بتوانیت بڵێیت 'نا، ناتوانم ئەو شتە بکەم.. ناتوانم کاتی پشووم بۆ کارکردن تەرخان بکەم'. 
 
هەندێ جار بەهۆی زۆر وابەستەبوون بە ئیش و کارەوە دەکرێت ئەو سنوورانەمان بیربچێتەوە و تەماشا دەکەین لەو کاتەوەی لە خەو هەڵدەستتین تاوەکو دەخەوین هەر خەریکی وەڵامدانەوەی ئیمەیڵ و نامەکانی بەڕێوەبەر و هاوپیشەکانمانین. بەوەش بەردەوام هەست بە سترێس و گوشار دەکەین بەوەی لەکاتی نانخواردندا وەڵامی نامەی هاوپیشەکانمان بدەینەوە. 
 
ماڵپەری واشنتن پۆست پێشنیاز دەکات، کاتی خۆت وەربگریت و ئەو بنەمایانە دابمەزرێنیت کە چ شتێک وەکو بەشیک لە کارەکەت قبووڵ دەکەیت و چ شتێک قبووڵ ناکەیت. دەتوانیت وەبیرهێنەرەوەی موبایل بەکاربهێنیت یانیش ئەوەتا لەبارەی ئەو ناهاوسەنگییەی ژیان و پیشەکەت، لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەت قسە بکەیت بۆ ئەوەی پێکەوە بگەنە رێککەوتنێک و لەکاتی پشوودا بێزار نەکرێیت. هەروەها دەکرێت لەرێگەی ئەو ئەپلیکەیشنانەی بۆ پیشەکەت بەکاریان دەهێنیت، کاتەکانت رێکبخەیتەوە. 
 
لەکاتی پشوودا نامە و ئیمەیڵ بۆ هاوپیشەکانت مەنێرە
 
ئەگەر بتەوێ وا لە هاوپیشەکانت بکەیت لەکاتی پشوودا بێزارت نەکەن، پێویستە سەرەتا خۆت لەو شتە بەدوور بگریت و لەکاتی پشوویاندا نامە و ئیمەیڵیان بۆ نەنێریت.
 
ئەگەر بڕیارە نامەیەک بۆ هاوپیشەکانت بنێریت، کاتەکەی رێکبخەوە و لە کاتێکدا بنێرە کە دەزانیت هاوپیشەکەت لە دەوامە و کاتی کارکردنیەتی. ئەوەش واتای ئەوەیە، لە کاتی دەستپێکردنی دەوام تاوەکو کاژێرێک پێش کۆتاییهاتنی دەوامەکە نامەکەی بۆ بنێریت.  
 
واباشە نامەکانت سکێجوەڵ بکەیت (واتە پێشوەختە کاتەکەی دیاریبکەیت بۆ ئەوەی لەو کاتەی دەتەوێت نامەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ هاوپیشەکەت بڕوات). ئەگەر ئامرازێکی پەیوەندیکردن بەکاردەهێنیت کە ناتوانیت پەیامەکەت سکێجوەڵ بکەیت، ئەوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لەسەر موبایلەکەت بەکاربهێنە و لەو کاتەی گونجاوە نامەکەی بۆ بنێرە. 
 
نامەی ئاگادارکردنەوەکانت سنووردار بکە
 
لەکاتی پشوودا، نامەی ئاگادارکردنەوەکانت لەو ئەپانەدا رابگرە کە پەیوەندییان بە کارەوە هەیە؛ با لەکاتی نانخواردن و یاریکردن لەگەڵ منداڵەکەت بێزار نەکرێیت. 
 
بەرنامەی مایکرۆسۆفت ئاوتلووک رێگەت پێدەدات خشتەی کارەکانت بەڕێکوپێکی داڕێژیت، لەنێویدا ئەو کاژێرانەی لە رۆژێکدا کاردەکەیت. جگە لەوەش، تەواوی ئەو ئەپلیکەیشنانەی کە لەنێو موبایلەکەتدا بەکاریاندەهێنیت، رێگەت پێدەدەن نامەی ئاگادارکردنەوە بکوژێنیتەوە بۆ ئەوەی لەو کاتانەی لە دەوام نیت، کەس بێزارت نەکات. 
 
ئەگەر رۆژانە وا راهاتوویت ئەو بەرنامانە بەکاربهێنیت کە پەیوەندییان بە کارکردنەوە هەیە، دەتوانیت لە رێکخستنی موبایلەکەتدا باری (بێزارم مەکە) یانیش (سکرین تایم) کارا بکەیت، کە وادەکات ئەو بەرنامانە نەکەیتەوە یاخود هیچ نامەیەکیان لێوە نەیەت. 
 
رۆژژمێرەکەت پڕبکە لە چالاکیی بەسوود
 
ئەگەر رۆژەکەت بەبێ پلان بەڕێبکەیت، دەکرێ هاوپیشەکانت ئەو هەلە بقۆزنەوە و بڵێن، 'یەڵڵا هەر بێ ئیشە، با بێنینەوە سەر کار'. 
 
ئەگەر بتەوێت دڵنیا بیت لەوەی هیچ کەسێک ئەو 30 خولەکە بەنرخە نەبڕێت کە بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ دەیبەیت، یان هاوپیشەکەت کۆبوونەوەیەک دیاری ناکات لەکاتێکدا منداڵەکانت دەبەیت بۆ قوتابخانە، رۆژژمێرەکەت یاخود ساڵنامەکەت پڕبکە لە چالاکیی بەسوود.
 
بەم شێوەیە ئەگەر کەسێک هەوڵی دانانی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین بدات لە کاتێکدا تۆ پێت باشە کۆبوونەوەیەک نەبێت، ئەوا دەبینێت کە تۆ بەردەست نیت و کاتێک هەڵدەبژێرێت کە بتوانیت کۆببیتەوە.
 
با پلانێکت بۆ باری لەناکاو هەبێت
 
ئەگەر بە تەواوی خۆت لە ژینگەی کارکردن داببڕێنیت، ژمارەیەک بە بەڕێوەبەرەکەت بدە بۆ ئەوەی لە باری لەناکاو بتوانێت پەیوەندیت پێوە بکات. یاخود دەتوانیت پلاتفۆرمێکی سۆشیاڵ میدیا یان هەر ئامرازێکی دیکەی پەیوەندیکردن لەنێوانتاندا هەبێت بۆ ئەوەی لەکاتی زۆر پێویست بتوانێت پەیوەندیت پێوە بکات. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا، دڵنیاببەوە لەوەی زۆر بە راشکاوانە بە بەڕێوەبەرەکەت بڵێیت کەی و چۆن دەتوانێ لە رێگەی ئەو ئامرازانەوەی پەیوەندیت پێوە بکات. دەتوانیت پێی بڵێیت کە تەنیا دەتوانێت بۆ کاری زۆر پێویست و بەپەلە پەیوەندیت پێوە بکات نەک بۆ ئەو کارانەی کە دەکرێ تاوەکو کاتی دەوام دوابخرێن. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە