نووسەرێک داهاتی فرۆشی کتێبەکەی دەبەخشێتە نەخۆشخانەی هیوا

26-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسەر و شارەزایەکی تەکنەلۆژیا کتێبێک لەبارەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان چاپ دەکات و داهاتی فرۆشتنی کتێبەکەش دەبەخشێتە نەخۆشخانەی هیوا بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە سلێمانی. نووسەری کتێبەکە دەڵێت، "دایکم بەهۆی شێرپەنجەوە لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەستدا، بۆیە داهاتی کتێبەکەم دەبەخشمە نەخۆشخانەکە."
 
رۆژی چوارشەممە 26-04-2023 عەلی جاف، شارەزای بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و سۆشیاڵ میدیا، کە کتێبێکی بە ناونیشانی "لێکۆڵینەوەی پاراستنی تاوانکاریی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان" نووسیوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کتێبەکە پەیوەندیی بە تاوانی ئەلیکترۆنی و هاککردنەوە هەیە، چیرۆکی ژمارەیەک کەسی تێدایە وەکو قوربانی کە لە رێگەی ئێمەوە رزگار کراون چ لە تاوانی گەورە یان لە خۆکوشتن بێت، کتێبەکە بۆچوونی چەند دادوەر و یاساناسێکیشی تێدایە."
 
کتێبەکەی عەلی جاف، بە تیراژی 1000 دانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. سەبارەت بە داهاتی کتێبەکە عەلی گوتی، "داهاتەکەی دەبەخشمە نەخۆشخانەی هیوا بۆ تووشبوان و چارەسەکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، چونکە دایکم بەهۆی شێرپەنجەوە لەو نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا." گوتیشی، "کتێبەکە هەر چەند جار چاپ بکرێت، داهاتەکەی هەر بۆ نەخۆشخانەی هیوا دەبێت."
 
ساڵی رابردوو 6650 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە، لەو ژمارەیەش 3150 تووشبووی شێرپەنجەی تێدابووە کە 250ـیان منداڵ بوون، هاوکات ئامارەکانی نەخۆشخانەکەش دەریدەخەن شێرپەنجەی خوێن بەربڵاوترین شێرپەنجەی نێو منداڵانە، بە جۆرێک لە کۆی 250 منداڵی تووشبوو بە شێرپەنجە 154ـیان تووشبووی شێرپەنجەی خوێنن.
 
لە هەرێمی کوردستان تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە هەڵکشاندان، ژمارەی بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش زیاتر بوون، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە شارەکانی هەرێمی کوردستان زوو زوو هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بڵاودەکەنەوە کە هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە