رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دوو خەڵاتی لە بوارەکانی خێراترین تۆڕی مۆبایل و باشترین رووماڵی تۆڕی مۆبایل لە عێراق بەدەستهێنا.
رۆژی سێشەممە 25-01-2022 کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە بەغدا دوو خەڵاتی لەلایەن دامەزراوەی ئۆکلاوە پێ بەخشرا، ئۆکلا دامەزراوەیەکی جیهانییە کە کۆمەڵێك ئەپلیکەیشن و تەکنەلۆژیای هەیە کە تایبەتن بە کۆکردنەوەی زانیاری و تێستکردنی تۆڕی مۆبایل و برۆدباند.
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئەنجامی 240 هەزار تێستی راگەیاندووە کە لە نیوەی دووەمی ساڵی 2021 ئەنجامدراون و لەسەر بنەمای ئەنجامی تێستەکان ئەو دوو خەڵاتەی پێدراوە. وەکو لە راگەیێندراوی کۆمپانیاکە هاتووە، ئەو ئەنجامانە "ئەو ڕاستییە پشتڕاستدەکاتەوە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی مۆبایلە لە سەرتاسەری عێراقدا."
دامەزراوەی ئۆکلا ئاسیاسێڵی وەکو خێراترین تۆڕی پەیوەندی مۆبایل پۆلێنکردووە بەهۆی ئەو ئاستی خێراییەی بەدەستیهێناوە کە گەیشتووەتە 48.73. لەو بارەوە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند، "بەخشینی ئەم ڕیزبەندییە نایابە دوای بەگەڕخستنی هەوڵێکی ئێجگار زۆر دێت لەلایەن ئاسیاسێڵەوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی گەورە کە یارمەتی کۆمپانیاکەیدا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی 4G+ بۆ بەشداربووانی."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوی ئاسیاسێڵ هاتووە، "ئاسیاسێڵ توانی پێگەی پێشەنگیی خۆی بسەلمێنێت بەو سیفەتەی کە دابینکاری تەنها و راستەقینەی خزمەتگوزاریی پەیوەندیی مۆبایلە کە لە یەک کاتدا خێراترین پەیوەندی و باشترین رووماڵ بۆ بەشداربووانی دابیندەکات، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی نیوەی دووەمی ساڵی 2021."
عومەر فالح، بەڕێوەبەری میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان خۆشحاڵی خۆی بە بۆنەی بردنەوەی ئەو دوو خەڵاتە دەربڕی و گوتی، "ئەم دانپێدانانە گەواهی دەدەن بۆ ئەدای ناوازەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەسەر بنەمای شیکردنەوە وردەکانی ئۆکلا بۆ ئەو تێستانەی بەکارهێنەران خۆیان ئەنجامیانداوە. ئاسیاسێڵ بە بەردەوامی خێراترین ئەزموونی 4G دابیندەکات، ئەمەش شانبەشانی هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ پێشکەشکردنی ئەزموونێکی پێشکەوتوو و باڵا. لەگەڵ خستنەکاری 4G+ تۆڕەکەمان ئێستا بووەتە خێراترین تۆڕی مۆبایل لە عێراق."
دوغ سەتڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆكلا لەو بارەیەوە گوتی: "خەڵاتەکانی تێستی خێرایی "Speedtest Awards" کە لەلایەن ئۆکلا "Ookla"ـوە پێشکەشدەکرێن بەتایبەتی تەرخانکراون بۆ دەستەبژێرێك لە کۆمپانیاکانی مۆبایل کە ئەداکردنێك و رووماڵێکی نایابی ئینتەرنێتیان پێشکەشی بازاڕێکی دیاریکراو کردووە".
بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیاکە لە 1ـی کانوونی دووەمی 2021 ژمارەی رەزامەندیی بەکارهێنەرانی ئاسیاسێڵ 16 ملیۆنی تێپەڕاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ