دینا بەرهەمێکی فۆلکلۆری بە میوزیکێکی نوێ دەڵێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند دینا، یەکێک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان بە دەنگی خۆی تۆمار دەکات و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بۆ هۆگرانی بڵاودەکاتەوە.
 
دینا بە رووداوی راگەیاند، 'ئایە ئۆیە' بەرهەمێکی فۆلکلۆری کوردییە و لەلایەن ژمارەیەک هونەرمەند گوتراوە، لەوانە برایانی زێ زێ و هەردوو هونەرمەند مەرزیە فەریقی و رزگار رەنجەڕو. گوتیشی، جگە لەم بەرهەمە، دوو بەرهەمی دیکەی فۆلکلۆری تۆمارکردووە و لە ماوەی داهاتوودا بڵاویان دەکاتەوە.
 
لەم بەرهەمە نوێیەدا هەردوو هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر و شەماڵ محەممەد کاری میوزیکیان بۆی کردووە و ڤیدیۆکلیپەکەی لە دەرهێنانی بڕیار فەتاحە و لە کەناڵی تایبەتی هەڵکەوت زاهیر بڵاوکراوەتەوە.
 
بەم دواییە دینا، ڤیدیۆکلیپێکی بەناوی 'مەیل' بڵاوکردەوە و لەم بەرهەمەدا بە ستایلێکی نوێ دەردەکەوێت و دیزاینی جلەکەی بۆ سەدەی هەژدە دەگەڕێتەوە.
 
ئەم بەرهەمە لە ئاوازی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیرە و لە تێکستی شاعیر محەممەد حاجی قادرە، هێمن حوسێن کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە.
 
دینا، لەبارەی ئەم بەرهەمە پێشتر بە رووداوی راگەیاند، 'مەیل' بەرهەمێکی پایزییە و ئەو جلوبەرگەی پۆشیویەتی بۆ سییەکانی سەدەی هەژدە دەگەڕێتەوە و ئینگلیزەکان ئەم جۆرە جلوبەرگەیان پۆشیوە، تۆمارکردن گۆرانی و ڤیدیۆکلیپەکە و ئامادەکارییەکانی سێ مانگی خایاندووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکەمجارە بەرهەمێک بە ستایلی رۆمانسی بڵاوبکاتەوە، هەروەها یەکەمجارە لەگەڵ شاعیر محەممەد حاجی قادر کار بکات و هونەرمەند هەڵکەوت زاهیرە ماوەیەکی زۆر کاری لەسەر ئاوازەکەی کردووە. گوتیشی "بەرهەمێکی تایبەت و جیاوازە و دیمەنەکانی لە سلێمانی وێنەگیراون".
 
ڤیدیۆکلیپی گۆرانی 'مەیل' لە دەرهێنانی بڕیار فەتاحە و لە کەناڵی تایبەتی هەڵکەوت زاهیر لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.