ئەلبوومی نوێی تایلەر سویفت پڕفرۆشترینی ئەمساڵە

رووداو دیجیتاڵ

'Midnights' نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی تایلەر سویفت، هونەرمەندی ئەمریکی، وەک پڕفرۆشترین ئەلبووم لە 2022 دەیاریکرا و لە سێ رۆژدا یەک ملیۆن کۆپیی لە ئەمریکا فرۆشراوە.
 
سویفت (32 ساڵ) یەکەم هونەرمەندە ئەو ریکۆردە نوێیە تۆمار بکات کە لە ماوەی سێ رۆژدا ژمارەی ئەلبوومە فرۆشراوەکانی یەک ملیۆن بێت.
 
پێشبینی دەکرێت فرۆشی ئەلبوومەکە لە ماوەی یەک هەفتەدا بگاتە یەک ملیۆن و 200 هەزار کۆپی.
 
سویفت، توانی ریکۆردێک تۆمار بکات کە بەر لە پێنج ساڵ هەمان ریکۆردی لەرێگەی ئەلبوومی 'Reputation' تۆمارکردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە نوێترین ئەلبوومی ئەو گۆرانیبێژە، کێشەی بۆ پلاتفۆرمی سپۆتیفای لە چەند وڵاتێک دروستکرد.
 
'Midnights' لە دوای بڵاوکردنەوەی لەو خزمەتگوزارییە میوزیکییە، لە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا کێشەی بۆ پلاتفۆرمەکە دروستکردووە و بەکارهێنەرانی ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیدا بوونە بۆ ئەوەی بتوانن گوێ لە تراکەکانی ئەلبوومەکە بگرن.
 
ئەلبوومی 'Midnights' لە 13 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و لە 21 تشرینی یەکەم 2022 بڵاوکرایەوە.
 
گۆرانییەکانی ئەلبوومەکە باس لە نیوە شەو دەکەن و سویفت لەبارەیەوە دەڵێت، چیرۆکی 13 شەوی بێخەو و پەرش و بڵاوی ژیانیەتی.
 
هۆگرانی ئەو گۆرانیبێژە لە چەند تویتێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، ئەلبوومەکە ژمارەی پێوانەیی شکاندووە و زۆرترین بیسەری هەبووە، بەڵام ئەم ریکۆردە بە فەرمی هێشتا بڵاونەکراوەتەوە.
 
یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومەکە بەناوی 'Anti-Hero'یە و لە 21 ئەم مانگە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بڵاوکرایەوە.
 
تایلەر سویفت، یەکێک لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە و ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.