دیمەنێکی مەترسیداری فیلمە نوێیەکەی تۆم کروز وێنە دەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی لە نوێترین فیلمیدا یەکێک لە ترسناکترین دیمەنەکان نێو فیلمدا وێنە دەگرێت و ڤیدیۆی کاتی وێنەگرتنی بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەو ئەکتەرە ئێستا سەرقاڵی وێنەگرتنی بەشی هەشتەمی زنجیرە فیلمی 'Mission: Impossible'ـە و یەکێک لە دیمەنەکانی لێخوڕێنی ماتۆڕسیکلە لە رێڕەوێکی باریک و بەرز و دواتر خۆهەڵدەدان لە بەرزاییەکی ترسناکەوە.
 
بۆ وێنەگرتنی ئەو دیمەنە، کروزی تەمەن 60 ساڵ، شەش جار خۆی لەو بەرزاییەوە بە ماتۆڕسیکل هەڵداوە و دواتر بە پەڕەشوت هاتووەتە خوارەوە و دیمەنەکە لە نەرویج وێنەگیراوە.
 
کروز، بە رۆژنامەی 'Daily Mail'ـی بەریتانی راگەیاندووە "لەو کاتەی منداڵێکی بچووک بوومە، ویستوومە ئەو کارە بکەم". گوتیشی "ئەمە ترسناکترین شت بوو تاوەکو ئیستا هەوڵمان بۆی دابێت".
 
بڕیارە بەشی نوێی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 14 تەممووزی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوبکرێتەوە و کریستۆڤەر مەکوەیر، کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
 
دوایین بەرهەمی کروز، فیلمی سینەمایی 'Top Gun: Maverick' بوو کە داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا زیاتر لە یەک ملیار و 488 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و یەکەمجارە بەرهەمێکی کۆمپانیای پارامۆنتی بەرهەمهێنەری فیلمەکە، ئەم داهاتە زۆر بەدەست بێنێت.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە دەرهێنانی جۆزێڤ کەسینسکییە و لە 27ـی ئایاری 2022 لە سینەماکانی جیهاندا نمایشکرا و لە 19ـی ئایاری 2022 لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا و تۆم کروز ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە، لە فیستیڤاڵەکە ئامادەبوو و خەڵاتکرا.
 
'Top Gun' فیلمێکی دراما و ئەکشنی ئەمریکییە، یەکەم بەشی لە 1986 بڵاوکرایەوە، دەرهێنەری تۆنی سکۆت و بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، بودجەی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن دۆلار بوو و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 356 ملیۆن دۆلار بوو.
 
کروز، رۆڵی ماڤێریک ئەفسەری هێزی دەریایی دەگێڕێت، کە فڕۆکەوانێکی دەریاییە و لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری (USS) کاردەکات.
 
تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
 
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی  'The Color of Money'لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.