ئەلبوومی نوێی تایلەر سویفت کێشە بۆ سپۆتیفای دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ

نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی، کێشەی بۆ پلاتفۆرمی سپۆتیفای لە چەند وڵاتێک دروست دەکات.
 
ئەم بەرهەمە لە دوای بڵاوکردنەوەی لەو خزمەتگوزارییە میوزیکییە، لە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا کێشەت بۆ پلاتفۆرمەکە دروستکردووە و بەکارهێنەرانی ماوەیەکی زۆر چاوەڕێیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن گوێ لە تراکەکانی ئەلبوومەکە بگرن.
 
ئەلبوومەکە بەناوی 'Midnights'یە و لە 13 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و لە 21 ئەم مانگە بڵاوکرایەوە.
 
گۆرانییەکانی ئەلبوومەکە باس لە نیوە شەو دەکەن و سویفت لەبارەیەوە دەڵێت، چیرۆکی 13 شەوی بێخەو و پەرش و بڵاوی ژیانیەتی.
 
هۆگرانی ئەو گۆرانیبێژە لە چەند تویتێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، ئەلبوومەکە ژمارەی پێوانەیی شکاندووە و زۆرترین بیسەری هەبووە، بەڵام هێشتا ئەم ریکۆردە بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە.
 
یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومەکە بەناوی'Anti-Hero'یە و لە 21 ئەم مانگە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بڵاوکرایەوە.
 
تایلەر سویفت، یەکێک لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە و ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.