دەشنێ موراد لە بەرهەمـێکی گرووپی "سوێت" بەشدار دەبێت

24-10-2020
پەسار فایەق
دەشنێ موراد
دەشنێ موراد
A+ A-

رووداو – هەولێر

دەشنێ موراد، یەکێک لە ناوە دیارەکانی نێو میوزیک و گۆرانی کوردییە، ماوەی چەند ساڵێکە لە کاری هونەری دوورکەوتووەتەوە، بەم دواییە لە ڤیدیۆکلیپی گرووپێکی میوزیکی بەریتانی "سوێت - Sweat " وەک میوانێک بەشداربووە.

دەشنێ موراد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 2018 لە لەندەن لە نزیکەوە ئەندامانی گرووپی سوێتی ناسی و باسی یەکێک لە گۆرانییەکانی خۆیان بۆی کرد کە لەبارەی ژنە و ئەو سەختیانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆیە داوایان لەو کرد وەک هونەرمەندێکی کە سەختی زۆری بینیوە، لەم بەرهەمەدا بەشداربێت.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە لەم هەفتەیەدا بڵاوکرایەوە و چەند دیمەنێکی ڤیدیۆکلیپێکی 2017 ئەو، لەو ڤیدیۆکلیپە نوێیەکەدا بەکارهاتوون، بەڵام وەک گۆرانی تەنها بە گوتنەوەی دێڕێکی گۆرانییەکە بەشدارە.

 

ئەو خانمە هونەرمەندە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە دوای بڵابوونەوەی ڤیدیۆکلیپەکە کە بەناوی "Director"ـە، هەوادارانی بەو کارە دڵخۆشبوونە و داوا دەکەن دووبارە دەست بەکاری هونەری بکاتەوە، گوتیشی "ئەم هاندانە و بەشداریکردنەم لەم بەرهەمەدا وادەکات بیر لەوە بکەمەوە، دووبارە دەست بەکاری هونەری بکەمەوە".

 

ڤیدیۆکلیپی "Director" چیرۆکی ژنە دەرهێنەرێکی سینەمایی دەخاتەڕوو و باس لەو ئاڵنگاریانە دەکات کە بەهۆی زاڵبوونی پیاوان لەو کارەدا، ئەو دەرهێنەرە رووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام دواجار لەو بوارەدا سەرکەوتوو دەبێت.

 

دەشنێ موراد لە 1ـی کانوونی دووەمی ١٩٨٦ لە سلێمانی لە دایکبووە، گۆرانیبێژ، پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنی و چالاکوانی کوردە، لە ١٩٩٧ـەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە هۆڵەندا کردووە، لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە لەگەڵ گرووپێکی سەما کاری کردووە، بۆ ماوەی دوو ساڵیش وەک مۆدێل چالاکی هەبووە.

 

لەرێگەی گۆرانیی "ھێلا ھۆپ" هاتە نێو دنیای میوزیک و گۆرانی و لەرێگەیەوە ناوبانگییەکی زۆری پەیداکرد و سەماکردنی بوێرانەی لەم بەرهەمەدا وایکرد، بەشێک لە میدیاکانی جیهان بە "شاکیرای کوردستان"ـی بناسێنن.

 

لە 2014ـەوە ئەو هونەرمەندە لە کاری هونەری دوورکەوتەوە و زیاتر وەک چالاکوانێک لە بواری مرۆڤایەتی و ژینگەیی چالاکی ئەنجامدەدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان کە لای ئێرلاندییەکان بە 'زاک' ناسراوە و پۆستەرێکی بەڵگەفیلمەکەی

لە ئێرلاند بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی کوردێکی دیاسپۆرانشین نمایش دەکرێت

(ماڵ: چیرۆکی ژیانی زاک مۆرادی) ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئێستا لە ئێرلاند نمایش دەکرێت. بەڵگەفیلمەکە چیرۆکی ژیانی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتە باشووری کوردستان و عێراق و بەدوایدا دەگاتە ئێرلاند