'ریشما' دوایین بەرهەمی سینەمایی خۆی لە رێگەی رووداوەوە ئاشكرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
خانمە ئەکتەری بەنێوبانگی هیندستانی و بۆڵیوود، پریتی زینتا، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دوایین بەرهەمی سینەمایی خۆی ئاشکراکرد و گوتی:" فیلمێکە بەناوی لاهور 1947."
پریتی زینتا، کە لە کوردستان بە کاراکتەری "ریشما" ناسراوە، لە فێستیڤاڵی فیلمی کان کە فەرەنسا قسەی بۆ پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو کرد:" لێرەم بۆ ئەوەی خەڵاتی پییە شون پێشکێشی سوندۆ شڤن بکەم کە فۆتۆگرافەرە؛ ئەو یەکەم کەسی ئاسیایە کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت و منیش لێرەم بۆ پێشکیشکردنی ئەو خەڵاتە."
پریتی لەبارەی فێستیڤاڵی کان-ەوە گوتی: "باشترین فێستیڤاڵی فیلمە. فێستیڤاڵەکە هەموو ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێت کە بە باشترین شێوە لە بواری دڵخۆشکردن و چێژبەخشین بە خەڵک کار دەکەن؛ بۆیە زۆر دڵخۆشم کە لێرەم."
پریتی زینتا، پرۆژەی داهاتووی خۆی بۆ رووداو ئاشکرا کرد. "پڕۆژەی داهاتووم فیلمێکە بەناوی لاهور 1947. فیلمەکە لەلایەن رانجکومار سانتۆشی، ئامر خان و سەنی دیۆلەوەیەوە."
هەروەها پەیامی بۆ هەوادارانی لە هەرێمی کوردستان نارد و گوتی: "خۆشەویستییەکی زۆر زۆرم بۆیان هەیە."
پریتی زینتا، لە ساڵی 1975 لەدایکبووە، لە فیلمەکانی بۆڵیوودادا دەرکەوتووە، هەروەها لە فیلی ئینگلیزیشدا بەشداریی کردووە.
یەکەم رۆڵی لە فیلمی (لە دڵەوە) بووە لە ساڵی 1998 و لە هەمان ساڵدا لە فیلمی (سەرباز)دا رۆڵی بینی. تائێستا رۆڵی سەرەکیی لە نزیکەی 40 فیلمدا بینیوە.