ڤیدیۆیەکی یوتیوب بە 761 هەزار دۆلار فرۆشرا

رووداو دیجیتاڵ
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆن، کە لەوانەیە زۆربەمان ئاشنایی بین یاخود بە رێککەوت لەسەر یوتیوب بینیبێتمان، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 760,999 دۆلار فرۆشرا.
 
گرتەی ڤیدیۆیی چارڵی و براکەی کە لە 2007دا بە ناوی (Charlie Bit My Finger) لە یوتیوب بڵاوکرایەوە و بچکۆڵانەکەیان پەنجەی برا گەورەکەی دەگەزێت، بەمزووانە لە یوتیوب دەسڕێتەوە دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە  760,999 دۆلار فرۆشرا.
 
ڤیدیۆی چاڕلی و براکەی 55 چرکەیە، باوکی چارلی لە یوتیوب دایبەزاند وەکو هەر شەڕ و ناکۆکییەک لەنێوان دوو منداڵی بچووکی یەک خێزان، باوکەکە بەنیازبوو دوای ماوەیەک خۆی ڤیدیۆکە لە یوتیوب بسڕێتەوە، بەڵام ڤیدیۆکە نەک تەنیا لە یویتوب، بەڵکو تەواوی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی تەنی. تاوەکو ماوەیەک باس باسی ئەم ڤیدیۆیە بوو.
 
لەو ڤیدیۆیەدا چارلی، کە ئەوکات  تەمەنی یەک ساڵ بووە، پەنجەی هاری برا تەمەن 3 ساڵانەکەی دەگەزێت، هاری لە تاو ئازاری پەنجەی پڕ بە دەنگی هاوار دەکات، کە چارلی دەزانێت کەتنێکی کردووە، پێدەکەنێت و براگەورەکەشی سەرەڕای ئازاری پەنجەکەی لەگەڵ چارلی پێدەکەنێت.
 
ئەم ڤیدیۆیە تەنیا لەسەر یوتیوب نزیکەی 900 ملیۆن جار بینراوە، لە تۆڕەکانی دیکەش زەردەخەنەی خستووەتە سەر لێوی ملیۆنان کەسی دیکە.
 
لە ئەمریکا پێوەرێکی ئینتەرنێت هەیە پێی دەڵێن NFTs ئەم پێوەرە پارێزگاری لە کاڵاکانی سەر ئینتەرنێت دەکات، رەسەنەکان لە ساختەکان جیادەکاتەوە و ناهێڵێت فۆتۆ و ڤیدیۆی و دەنگ و بەرهەمە دیجیتاڵییەکانی دیکە لە جێگەی کۆپییە رەسەنەکە مامەڵەیان پێوەبکرێت.
 
دوو گرەوکار کێبڕکێیان لەسەر ئەم پارچە ڤیدیۆیە کرد، 3fmusic گرەوەکەی بردەوە و بە 760,999 دۆلار ڤیدیۆکەی کڕی، داوا لە هاواردی باوکی چارلی و هاری کراوە ڤیدیۆکە لە یوتیوب بسڕێتەوە، ئەویش پابەندبوونی خۆی پیشانداوە، ئەو بڕە پارەیەش بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە و ژیان بۆ کوڕەکانی خەرجدەکات، کە ئێستا 14 ساڵان و 17 ساڵانن.