فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین خەڵاتی تایبەتی دەبەخشێتە ستیڤن سپیلبێرگ

23-11-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن ستیڤن سپیلبێرگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، رێز لە ستیڤن سپیلبێرگ، دەرهێنەری ئەمریکی تەمەن 75 ساڵ دەنێت و خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵی وەک رێزێک لە تەواوی کارە هونەرییەکانی پێ دەبەخشرێت.
 
فێستیڤاڵەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و بۆ تۆڕی میدیایی رووداویشی ناردووە، رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ئاماژەیان بە پێشاندانی بەشێک لە فیلمەکانی سپیلبێرگ لە خولی داهاتوویی فێستیڤاڵەکەدا کردووە.
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کراوە، رێزلێنان لە سپیلبێرگ، بۆ بەرهەمەکانی لە ماوەی شەست ساڵی رابردوودا دەگەڕێتەوە کە بەرهەمی هەمەجۆرن، ئەمەش وادەکات کەسێکی ناوازە بێت لە مێژووی سینەمادا.
 
خەڵاتەکە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بەو دەرهێنەرە ئەمریکییە دەبەخشرێت کە چالاکییەکانی لە 16 تاوەکو 26 شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا، نوێترین فیلمی سپیلبێرگ بەناوی 'The Fabelmans' پێشاندەدرێت. 
 
ماریێت رێسنبێک و کارلۆ چاتریان کە بەڕێوەبەری خولی داهاتووی فێستیڤاڵن، لە راگەیێندراوەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە، سپیلبێرگ نەوەک تەنیا چەند نەوەیەک لە بینەرانی لە سەرتاسەری جیهاندا بە کارە هونەرییەکانی سەرسام کردووە، بەڵکو مانایەکی نوێی بە سینەما وەک کارگەیەکی خەونەکان بەخشیوە.
 
44ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە بە پێشاندانی فیلمی سینەمایی  'The Fabelmans'دەستیپێکرد و دوو پێشاندانی تایبەتی بۆ کرا.
 
فیلمەکە شەوی یەکشەممە 13 تشرینی دووەمی 2022 لە ماڵی ئۆپێرای میسری لە قاهیرە پێشاندرا و ژمارەیەکی بەرچاو لە سینەماکارانی میسری، عەرەبی و جیهانی ئامادەبوون.
 
فیلمە نوێیەکەی سپێلبێرگ، لە 11 تشرینی دووەمی 2022 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا و بڕیارە لە 26 هەمان مانگ لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوبکرێتەوە.
 
چالاکییەکانی 44ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی قاهیرە لە 13 تاوەکو 22ـی تشرینی دووەمی 2022 لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەدەچێت.
 
'The Fabelmans' لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا لە ماڵپەڕی 'Rotten Tomatoes' توانی 95٪ دەنگی رەخنەگرانی سینەما لە جیهاندا بەدەستبێنێت و 102 رەخنگەری جیهانی تێیدا بەشداربوون.
 
ماوەی فیلمەکە 151 خولەکە و باس لە گەنجێک دەکات کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم لە ئاریزۆنای ئەمریکا ژیاوە، نهێنییەکی ترسناک لەبارەی ماڵباتەکەی ئاشکرا دەکات و توانای سینەما لە گەیشتن بە راستییەکان دەخاتەڕوو.
 
ئەم بەرهەمە فیلمێکی نیچمە بایۆگرافییە لەبارەی ساڵانی دەستپێکی کاری دەرهێنەری سپێلبێرگ، ئەو دەرهینەرە فیلمەکەی پێشکێش بە باوکی ئاڕنۆڵد سپیلبێرگ و دایکی لیا ئادلەر کردووە.
 
یەکەم نمایشی 'The Fabelmans' لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ بوو و توانی خەڵاتی بینەران بەدەست بێنێت.
 
ستیڤن سپیلبێرگ، بە یەکێک لە کاریگەرترین فلیمسازان لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت و 14 جار بەربژیری خەڵاتی ئۆسکار بووە و سێ جار بەدەستی هێناوە، جگە لە کاری دەرهێنەری، نووسەر و بەرهەمهێنەریشە، لە فیلمە بەناوبانگەکانی 'E.T.: The Extra-Terrestrial'، 'Schindler's List'، 'Saving Private Ryan'، 'Bridge of Spies'، 'Jaws' و ' Jurassic Park'.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان کە لای ئێرلاندییەکان بە 'زاک' ناسراوە و پۆستەرێکی بەڵگەفیلمەکەی

لە ئێرلاند بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی کوردێکی دیاسپۆرانشین نمایش دەکرێت

(ماڵ: چیرۆکی ژیانی زاک مۆرادی) ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئێستا لە ئێرلاند نمایش دەکرێت. بەڵگەفیلمەکە چیرۆکی ژیانی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتە باشووری کوردستان و عێراق و بەدوایدا دەگاتە ئێرلاند