لێدوانی ئێلیسا دوای یەکەم کۆنسێرتی لە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
ئێلیسا، هونەرمەندی لوبنانی، بۆ یەکەمجار کۆنسێرتێکی لە بەغدا سازکرد و دڵخۆشی خۆشی نیشاندا بە یەکەم سەردانی بۆ بەغدا و سازکردنی کۆنسێرتەکە کە گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کۆن و نوێکانی پێشکێشکرد.
کۆنسێرتەکە لە سندباد لاند بەڕێوەچوو و ئێلیسا رایگەیاند، زۆر دڵخۆشە بەو سەردانەی بۆ بەغدا و هەمیشە خەونی ئەو بووە کۆنسێرتێکی لەوجۆرە بۆ خەڵکی عێراق سازبکات.
کۆنسێرتەکە ئامادەکارییەکە بۆ سازکردنی فیستیڤاڵێکی هونەری لە بەغدا کە بڕیارە لە 17ی تشرینی دووەمی داهاتوو بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق سازبکرێت، تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی وڵاتانی عەرەبی بەشداردەبن و چەندین کۆنسێرت لەخۆدەگرێت.
هاوکات ئێلیسا ئامادەکاری بۆ سازکردنی کۆنسێرتێکی دیکە لە شانۆی ئۆلۆمپیا لە پاریس دەکات کە بڕیارە لە 6ـی تشرینی دووەمی داهاتوو سازبکرێت و پێشتریش لە ساڵانی 2017 و 2019 کۆنسێرتی لە هەمان شوێن سازکردووە.
ئێلیسا پێشتر دووجار لە هەولێر کۆنسێرتی سازکردووە، دوایین جار لە 26 حوزەیرانی ئەمساڵ بوو.
ئێلیسا زەکەریا لە ساڵی 1972 لە لوبنان لەدایکبووە؛ یەکێکە لە بەناوبانگترین گۆرانیبێژەکانی ئەو وڵاتە و وڵاتانی عەرەبی.
ئەو هونەرمەندە چەند خەڵاتێکی بردوەتەوە، لەوانەش "خەڵاتی میوزیکی جیهانی بۆ باشترین هونەرمەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" لە ساڵانی 2005، 2006 و 2020دا.