پاییز هاتەوە؛ وەرزی گەڵاڕێزان و هەوێنی شیعری شاعیرانی کورد

23-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە؛ ئەو وەرزەی زۆرترین شاعیری نێوداری کوردستان هۆنراوەیان بۆ نووسیوە.
 
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 23ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە لە نیوەگۆی زەوی. ئەمڕۆ شەو و رۆژ هاوتای یەک دەبنەوە."
 
پاییز وەرزی گەڵاڕێزانە؛ لە کوردستاندا تایبەتمەندیی خۆی هەیە و چەندین شاعیری دیاری کوردستان هۆنراوەیان بۆ نووسیوە.
گۆرانی شاعیر لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا کە بۆ پاییزی نووسیوە لە بەشێکیدا دەڵێت:
 
پاییز پاییز، بووکی پرچ زەرد
من مات، تۆ زیز، هەردوو هاودەرد
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من هەناسەم، تۆ بای ساردت
من خەم، تۆ هەوری گریانت
دوایی نایە؛ دادم؛ دادت
هەرگیز... هەرگیز
پاییز ... پاییز
 
هەروەها شێرکۆ بێکەس کە لە زیاتر لە هۆنراوەیەکدا باسی پاییز دەکات، لە بەشێکی هۆنراوەیەکیدا دەڵێت: 
 
قەت بە پاییز نەڵێن لە کوێم
ئەگەر بە جێگەم بزانێ
گەردەلوولم ئەکاتە سەر
دێت و هەرچی خەمی جوانمە
دێت و هەرچی ئازاری چاوڕەشمە
ئەیفڕێنێ...
لە دواییشدا منی عاشق
چۆن بەبێ ژان ببارێم و
تەڕتان بکەم تا سەر ئێسقان...
 
هێمن موکریانی لە ناڵەی جوداییدا هۆنراوەی "ئێوارەی پاییز"ـی نووسیوە و یەکێکە لە دیارترین هۆنراوەکانی ئەو شاعیرە، لە بەشێکیدا دەڵێت:
 
لە ئاسۆیەکی دوورە دەست ئاوابوو زەردەی پاییزیی
دەتوت بوکێکی بەنازە، پەردە جێ دێڵێ بەزیزی
پەڵەهەورێکی چڵکنە گرتی سوچێکی ئاسمان
گەڵای زەردی دارێک وەری، زریان بردی بەرەو نەمان
جوتێ کۆتری سەر بەکڵاوە هەڵکورماون لە سوانەیێک
دیارە لەو دەوروبەرانە پێیان شکدێ هێلانەیەک
پاساری سەر داری کۆڵان فڕەو جیکەیان لێ بڕا
قەل فڕی فڕی تا ونبوو، هەر رووڕەشی خۆی پێ بڕا....
 
 
یەکێکی دیکە لەو شاعیرانەی کە هۆنراوەی بۆ پاییز نووسیوە و خۆیشی بە "ژەنەڕاڵی پاییز" لە هەرێمی کوردستاندا نێوی دەرکرد، محەممەد عومەر عوسمانە، لە بەشێکی هۆنراوەیەکیدا دەڵێت:
 
منم ژەنەڕاڵی پاییز
منی ھەرگیز ئۆقرە نەدیو
ژنەڕاڵ، ژنەڕاڵی ھەزارەھا داری رووت و
ملیارەھا گەڵای وەریو
 
منم ژەنەڕاڵی پاییز…
کاسکێتەکەی سەرم ھەورەو
ئەستێرەکانی سەرشانم چەند گەڵایەک بەڕەنگی زیو
پاڵتۆی بەرم کزەبایەو
شمشێرەکەم لقی درەختێکی رزیو
 
منم ژەنەڕاڵی پاییز..
خوێنێکی زەرد بەنێو دەمارما دەگەڕێ و
چاوم ھەر وەک ھەور نمناک
تەنیا من بووم کە لە تابووتی شووشەدا
چەندین گەڵام سپارد بە خاک...
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە