سبەی کازم ساهیر کۆنسێرتێک لە دوبەی ساز دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کازم ساهیر، هونەرمەندی عێراقی، کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە دوبەی ساز دەکات و گوڵبژێرێک لە گۆرانییەکانی پێشکێش دەکات.
کۆنسێرتەکە لە درێژەی گەشتە هونەرییەکەی کازم ساهیر لە وڵاتانی عەرەبی و جیهاندایە و سبەی هەینی 23ـی کانوونی یەکەمی 2023 سازدەکرێت.
ساهیر ئەمساڵ، چەندین کۆنسێرتی لە ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتانی عەرەبی سازکردووە، بەتایبەتیش لە سعودیە و ئیمارات.
ساهیر، لەماوەی رابردوودا بەهۆی کۆچی دوایی عروبە ساهیر، هاوژینی یەکەمی و دایکی دوو کوڕەکەی، گەشتە هونەرییەکەی لە ئەمریکا و کەنەدا هەڵوەشاندەوە کە هەشت ئاهەنگی لەخۆگرتبوو و تەنیا دوو ئاهەنگی سازکرد.
لە یەکێک لە ئاهەنگەکانی ئەو هونەرمەندە لە ئەمریکا کە لە هیۆستن بەڕێوەچوو، هەردوو نەوەکەی سەنا و ئایە لەسەر شانۆ دەرکەوتن و لەگەڵ ئەودا گۆرانییان پێشکێشکرد.
کازم ساهیر خەڵکی سامەڕایە، لە 12ـی ئەیلوولی 1957 لە موسڵ لە دایکبووە، جگە لە رگەزنامەی عێراقی، رگەزنامەی کەنەدی و قەتەری هەیە، نازار قەبانی، شاعیری سووری، نازناوی 'باڵیۆزی گۆرانی عێراقی' و 'قەیسەری گۆرانی عەرەبی'ـی پێ بەخشیوە.
یەکەم گۆرانیی لە تەمەنی 12 ساڵیدا بەناوی 'این انتي' بڵاوکردەوە، دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانی بەغدایە و لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، لە گوندی گربیشی سەر بە قەزای ئاکرێ مامۆستا بووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'شجرة الزیتون' لە 1984 بڵاوکردووەتەوە.
لە 1990 عێراقی جێهێشت و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئوردن ژیاوە، دواتر رووی لە لوبنان کردووە و سێ ساڵ لەوێ ماوەتەوە، دواتریش لە قاهیرە، بۆ ماوەیەکیش لە فەرەنسا، ئیمارات و مەغریب ژیاوە.
'اني خیرتك فختاري' یەکەم هۆنراوەی نزار قەبانی بوو بیکاتە گۆرانی و بەهۆیەوە بەناوبانگ بووە، بەڵام ناوبانگی راستەقینەی لە رێگەی هەردوو گۆرانی 'زیدیني عشقا' و 'مدرسة الحب' بوو و بەهۆیەوە بووە ناودارترین گۆرانیبێژی عەرەب، پاشانیش لە رێگەی گۆرانی 'انا ولیلی'.