ئەمڕۆ خەڵاتەکانی هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دابەشدەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای حەوت رۆژ نمایشکردنی فیلم، وۆرکشۆپ و دیبەیت لەبارەی سینەما و فیلمسازی، ئەمڕۆ چالاکییەکانی هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک کۆتاییدێت و خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دابەشدەکرێن.

بڕیارە کاژێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 22-11-2021، خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ لە هۆڵی کۆنگرەکانی زانکۆی دهۆک رابگەیێندرێن و خەڵاتی فێستیڤاڵەکە بریتییە لە خەڵاتی گەڵا مێوی زێڕین و زیوین.

لە بەشی فیلمە کوردییەکان، ئەم خەڵاتانە دابەشدەکرێن، باشترین فیلمی سینەمایی، باشترین سیناریۆ، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری ژن، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین بەڵگەفیلم، باشترین کورتەفیلم و خەڵاتی لیژنەی دادوەری بۆ باشترین کورتەفیلم.

لە بەشی فیلمە نێودەوڵەتییەکاندا، چوار خەڵات دابەشدەکرێن، ئەویش خەڵاتی یڵماز گونەی بۆ باشترین فیلمی سینەمایی، خەڵاتی باشترین کورتەفیلم، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم و خەڵاتی لیژنەی دادوەری بۆ باشترین فیلم.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک کە بە یادی یڵماز گۆنەی سینەماکاری کورد و براوەی خەڵاتی چڵە خورمای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانی فەرەنسا (1982) و بە مەبەستی دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان دەرهێنەرەکانی کوردستان و فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان، هەروەها ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی نێوان نەتەوە جۆراوجۆرکانی جیهان، دامەزراوە. 

هەشتەمین خولی فێستیڤاڵەکە به نمایشی 94 فیلمی سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چوارچێوەی فیلمە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێیی و دەرەوەی پێشبڕکێیی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سینەمای جیهان، بەشی پێشبڕکێی سینەمای کوردی، بەشی روانینێک بە سینەمای جیهان، بەشی پانۆرامای سینەمای کوردی، بەشی نمایشی تایبەت، لە رۆژانی 15 بۆ 22-11-2021 لە هۆڵی 'کۆنگرەکان'ـی زانکۆی دهۆک و هەروەها له هۆڵە سینەماییەکانی ناوەندی "دهۆک مۆڵ" لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.

 

دروشمی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە ژینگەپارێزی بوو و سینەمای ئەفغانستان وەک میوانی خولی ئەمساڵ دیاریکرا.

 

فێستیڤاڵەکە بە نمایشی فیلمی سینەمایی 'ئەزموون' لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی سینەماکاری کورد دەستیپێکرد کە چوارەمین فیلمی سینەمایی ئەو دەرهێنەرەیە.


فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە و بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە و بەشداریی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی 55ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕلۆڤی ڤاری لە چیک کردووە و خەڵاتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رەخنەگرانی فیلم فیپێڕشی بەدەستهێناوە. هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 19یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تیرانا لە ئەلبانیا بەشداربووە و خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەستهێناوە.
 
'ئەزموون' بەرهەمی کۆمپانیای میتۆس فیلمی بەرلین و کۆمپانیای مەستی فیلمی سلێمانییە و بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لەلایەن کۆمپانیای ئەڵمانی ئارت هوود لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
 
لەم بەرهەمەدا ژمارەیەک هونەرمەند و ئەکتەری کورد بەشدارن، لەوانە: ئاڤان جەمال، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێرۆ نێروەیی، نیگار عوسمان، کاوە قادر، عادل عەبدولڕەحمان، حەمەڕەشید هەرەس.

فیلمی سینەمایی 'بێ نیشتمان' سێیەمین بەرهەمی سینەمایی توورەج ئەسڵانی سینەماکاری کورد، لە به‌شی پێشبڕکێی 'سینه‌مای کوردی' فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشدارە.

'بێ نیشتمان' لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی توورەج ئەسڵانییە، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی ماد مووڤییە و بەرهەمی هاوبەشی رەز هەڵکەوت رەشیدە لە باشووری کوردستان، له یەکەمین نمایشی جیهانییدا لە بەشی 'ئاسۆی سینەمای جیهان'، لە 33یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەکۆئێست لە ئەمریکا نمایشکرا.
  
لە 'بێ نیشتمان'ـدا هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەشداربوون و بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەرەبی و فارسییە.

یەکێکی دیکە لە فیلمە بەهێزەکانی نێو فێستیڤاڵەکە، فیلمی سینەمایی 'زاڵاوا' لە دەرهێنانی ئەرسەلان ئەمیری سینەماکاری کوردە کە بەم دواییە لە چەندین فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیدا بەشداربووە و لە بەشی پێشبڕکێی 'سینەمای کوردی' لە فیستیڤاڵی فیلمی دهۆک بەشدارە.
 
فیلمی سینەمایی 'زاڵاوا' یەکەم نمایشی لە بەشی پێشبڕکێی "هەفتەی رەخنەگران لە 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتالیا بوو و توانی خەڵاتی 'فیپڕشی' واتە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رەخنەگرانی سینەما بە ناونیشانی باشترین فیلمی سێ بەشی 'رۆژەکانی ڤینس'، هەروەها خەڵاتی گەورەی 'هەفتەی رەخنەگران بەدەستبێنێت.

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا شوان عەتووف، سینەماكاری كورد بە چوار فیلمی بەشداربوو، فیلمەکانیش بریتیبوون لە فیلمی سینەمایی '09' لە دەرهێنانی بەختیار فەتاح، فیلمی سینەمایی 'ئەزموون' لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی، فیلمی سینەمایی 'بێ نیشتمان' لە دەرهێنانی توورەج ئەسڵانی، فیلمی سینەمایی 'خاكی پیس' لە دەرهێنانی ئاڵا هۆشیار.