فۆتۆگرافەرێکی کورد وێنەکانی لە پۆڵەندا نمایش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وێنەی دایکێکی کورد کە لەسەر کومبارێک دانیشتووە و تەلەڤیزیۆنەکەی پشت سەری کوژاوەتەوە و دەگری؛ یان وێنەی بووکێکی دەم بە خەندە کە چەپکە گوڵێکی بەدەستەوەیە و لەسەر شاشەی مۆبایلێک لەسەر فەرشێکی گوڵاوی وێنەی گیراوە، نموونەی ئەو وێنانەن کە شەماڵ حیسامەدین لە کوردستان گرتوونی.
 
لەو کەسانەی رۆڵەکانیان چوونە رێگەی کۆچبەری و قەت کەس هیچی لەبارەی چارەنووسیان نەزانییەوە؛ ئەو فۆتۆگرافەرە کوردە ئەو وێنانەی هێناوە و لە پۆڵەند نمایشی کردوون.
 
شەماڵ حیسامەدین لە وارشۆوە بە رێگەی سکایپ میوانی دیاسپۆرا بوو، گوتی، "خۆم خەڵكی پشدەر و بتوێنم لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ئەو ناوچەیەی زۆرترین رێژەی کۆچی بۆ ئەورووپا تێدایە و رێژەکە ئەوەندە زۆرە کە لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە، واتە دەگمەنە ماڵێک بدۆزیتەوە کەسێکیان کۆچی نەکردبێت، بەرزبوونەوەی رێژەی کۆچکردنیش لە ساڵی 1998ـەوە دەستی پێکردووە، کە زۆرترین قوربانیشی هەیە. بە فۆتۆکانم هەوڵم داوە هەموو ئەوانەی خنکاون یان لە رێگەدا مردوون یاخود لە هەر وڵاتێکی ئەورووپا بێسەروشوێن بوون، لە رێگەی پێشانگەکانم بڵاویان بکەمەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە قوربانییانی ساڵانی نێوان 1998 تاوەکو 2022."
 
شەماڵ حیسامەدین کەلە پۆڵەندا دەژی، روونیکردەوە، خانەوادەکان باوەڕ بە لەدەستدانی رۆڵەکانیان ناکەن، هەمیشە چاویان لەوەیە رۆژێک لە رۆژان رۆڵەکانیان بگەڕێنەوە، کە ئازارێکە زۆر جەرگبڕە.
 
لەبارەی پیشەنگە فۆتۆگرافییەکەی کە لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەند کردبوویەوە و تێیدا وێنەی قوربانیان ناوچەکەی نمایش کردبوو، شەماڵ حیسامەدین دەڵێت، "پیشانگەکەمان کردبوو بە دوو بەش، 12 وێنەمان لەسەر تابلۆ نمایش کردبوو، بە دیواری هۆڵەکەدا هەڵمانواسیبوون و چیرۆکی قوربانییەکە بە زمانی پۆڵەندی و ئینگلیزی لەژێریدا نووسیبوومانەوە و بەشەکەی دیکەش وێنەکان خرابوونە سەر مۆبایل و نمایش دەکران، تێیدا روونکرابوونەوە کە قوربانییەکان لە کام ناوچەوە هاتبوون و چەند وڵاتیان بڕیوە بۆئەوەی بگەنە خەونەکانیان. هەروەها ئەوەش روونکرابووەوە کە تاوەکو ئێستاش وێنەی قوربانییەکان لەسەر شاشەی مۆبایلی کەسوکاریانن، دواتر مۆبایلەکان دەدرانە خەڵکی پەنابەر کە لە پۆڵەند دەژین."