رووداو دیجیتال
دوای سێ ساڵ ئامادەبوون لە دادگەکان و لێدوانی ئاگرین لە دژی یەکدی، هەردوو ئەکتەری ئەمریکی و هاوژینی پێشووی یەکدی، ئێمبەر هێرد و جۆنی دێپ گەیشتنە رێککەوتن و هێرد بڕی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بە دێپ دەدات و ئەو بڕە پارەیە دواتر دەبەخشرێتە رێکخراوێکی خێرخوازی.
جۆنی دیپ و ئێمبەر هیرد، دوای دادگەییکردنێکی باڵا لە سەرەتای ئەمساڵدا، تێیدا ئەو دوو هاوژینەی پێشووە یەکدیان بە دەستدرێژی جەستەیی و زارەکی تۆمەتبار کرد، دەستەی سوێندخواردنی مەدەنی حەوت کەسی؛ بڕیاریدا هێرد 10 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو بە دێپ ببەخشێت، لە بەرامبەردا ئەویش دوو ملیۆن دۆلار ببەخشێتە هێرد.
پارێزەرانی دێپ رایانگەیاند، هێرد بڕی یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە دێپ و ئەو بڕە پارەیە دەبەخشرێتە رێکخراوە خێرخوازییەکان.
هێرد لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتیی لە ئینستگرام نووسیویەتی، بڕیاری یەکلاییکردنەوە قورسە و بەرگری لە راستییەکان کرد و بەم کارەش ژیانی لە ناو چوو.
لە دوای جیابوونەوەی جۆنی دێپ و ئێمبەر هێرد، رێکەوتنێک کرا بۆ ئەوەی دێپ بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری ئەمریکی ببەخشێتە هێرد و بەبێ کێشە جیاببنەوە، بە مەرجێک هێرد ئەو بڕە پارەیە بۆ کاری خێرخوازی ببەخشێت.
لە 2018 ئەو ئەکتەرە لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی 'RTL Late Night' رایگەیاند، حەوت ملیۆن دۆلارەکەی بەخشیوەتە رێکخراوی 'ACLU' و نەخۆشخانەی منداڵان لە لۆس ئەنجلس.
لە 2020 هێرد، لە بەرامبەر دادوەر لە دادگەیەکی بەریتانیا سوێندی خوارد کە ئەو بڕە پارەیەی بەخشیوە.
لە دانیشتی دادگە لەبارەی کێشەی نێوان ئەو دوو هونەرمەندە لە 16ـی ئایاری 2022 بەڕێوەچوو، ئێمبەر هێرد رایگەیاند، نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیە ببەخشێت، چونکە دێپ داوایەکی لە دژی ئەو ئاڕاستەی دادگە کردبوو و داوای 50 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو کردبوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەیەوێت هەموو پابەندییەکان جێبەجێ بکات، بەڵام دەبێت دێپ واز سکاڵاکردن لە دژی بهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کارە بکات.
تێرنس دۆگێرتی، سەرۆکی رێکخراوی 'ACLU' رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا بڕی 1.3 ملیۆن دۆلار لەلایەن هێرد بە رێکخراوەکەیان بەخشراوە.
جۆنی دێپ، پێشتر داوای 50 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کردبوو، لە دوای ئەوەی هێرد وتارێکی بڵاوکردبووەوە و خۆی بە قوربانی تووندوتیژی خێزانی ناساندبوو، بەڵام ئاماژەی بەناوی دێپ نەکردبوو، دێپیش لەو داواکارییەدا لە دادگە سەرکەوتوو نەبوو.
هێرد، پێشتر تۆمەتی دەستدرێژی و توندوتیژی خستبووە پاڵ دێپ، بەڵام دێپ بە بەردەوامی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو لە ژیانیدا تەندوتیژی بەرامبەر بە هیچ ژنێک نەکردووە، لە بەرامبەردا، ئەو هەمان تۆمەتی خستە پاڵ هێرد.
کریس رۆک، ئەکتەری کۆمێدی بەم دواییە هێرشی کردە سەر ئەمبێر هێرد و رایگەیاند، بڕوا بە هەموو ژنێک بکەن، تەنیا ئەمبێر هێرد نەبێت.
رۆک، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هێرد پێشتر دانی بەوە ناوە لە شوێنی خەوتنی لەگەڵ دێپ، پیسایی بە خۆیدا کردووە.
لە 28ـی نیسانی 2022 ستارلینگ جێنگینز، شوفێری پێشووی دێپ لە دادگە ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، لە دوای شەڕێک لە نێوان ئێمبەر هێرد و جۆنی دێپ، هێرد بەوی راگەیاند، سوپرایزێکی بۆ دێپ لە شوێنی خەوتنی جێهێشتووە، دواتر دەرکەوت ئەو سوپرایزە پیسایی خۆی بووە.
هەر لە گەرمەی ئەو کێشەیە، ئیڤا گرین، ئەکتەری فەرەنسی، پشتگیری لە جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی کرد و پۆستێکی لە هەژماری تایبەتی لە ئینستگرام بڵاوکردەوە و جگە لە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی و دێپ، بە بڕوای ئەو، لە دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنی دادگە لە دادگەی ڤێرجینیا، ژیانی ئەکتەری سەرەکی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' باشتر دەبێت.
لە پۆستەکەی گریندا هاتبوو، هیچ گومانێک نییە جۆنی بە ناوە باشەکەی و دڵە نایابەکەیەوە دێتە دەرەوە و ژیانی لە جاران باشتر دەبێت بۆ خۆی و ماڵباتەکەی.
کامیل ڤاسکێز، پارێزەری جۆنی دێپ، پێگەی ئەو ئەکتەرەی لە دادگە لە دژی ئێمبەر هێرد بەهێزتر کردبوو و چەند جارێک هێردی خستە دۆخێکی سەخت و دێپی لەو دۆسیە سەرخت.
ئەو پارێزەرە لە دانیشتی دادگە بە ئاڕاستەکردنی چەند پرسیارێک لە ئێمبەر هێرد، ئەکتەری سینەمایی و هاوژینی پێشووی دێپ، توانی بیخاتە دۆخێکی لاوازەوە، لەبەرامبەردا پێگەی دێپ بەهێزتر بکات.
ئەو پارێزەرە کاتێک لە هێردی پرسی، هەستی بەوە کردووە دێپ لە دانیشتنی دادگە سەیری چاوەکانی کردبێت، لە بەرامبەردا هیرد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەستی پێنەکردووە.
ڤاسکێز، لە وەڵامدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هۆکارەکەی ئەوەیە، دێپ بەڵێنی پێدابوو چاوەکانی نەبینێتەوە، هەروەها تۆمارێکی لە دانیشتنی دادگە خستەڕوو، تێیدا هێرد بۆ ماڵئاواییکردن لە دێپ دەپاڕێتەوە باوەشی پێدا بکات، بەڵام ئەو رازی نابێت و پێی دەڵێت، لە ئەمڕۆوە جارێکی دیکە چاوەکانی نابینێتەوە، پارێزەرەکەی دەڵێت، بەمە دێپ تاوەکو ئێستا خاوەن بەڵێنی خۆی بووە.
ئەو پارێزەرە بە لێهاتوویی خۆی، بە وردی لە زانیارییەکان دەکۆڵێتەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێرد ئەو حەوت ملیۆن دۆلارەی بڕیاربوو بیبەخشێت، تاوەکو ئێستا بەشێکی کەمی بەخشیوە، لە کاتێکدا پێشتر لە دانیشتنیکی دادگە لە بەریتانیا و لە میدیاکاندا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، ئەو تەواوی پارەکەی بەخشیوە، ئەمەش شکستێکی دیکەی هێرد بوو و لە دادگە رووبەڕووی کرایەوە.
لە بەرامبەردا هێرد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەهۆی داواکاری دێپ بۆ قەرەبووکردنەوەی بە 50 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیە ببەخشێت.
ئێمبەر هێرد، پێشتر رایگەیاندبوو، دێپ هێرشی کردووەتە سەری و رووخساری شێواندووە، بەڵام پارێزەرە چەند وێنەیەکی هێردی خستەڕوو کە لە دوای ئەو لێدوانەی بڵاوبوونەوەتەوە و هیچ ئاسەوارێکی لێدان و برین بە رووخساریەوە دیار نییە.
هەموو ئەمانە وایکردووە هێرد بکەوێتە پێگەیەکی لاواز و پێگەی دێپیش لە دادگە بەهێزتر بێت.
لە دوای شەش هەفتە دانیشتنی دادگە، بڕیاردرا بەهۆی ناوزڕادنەوە، ئێمبەر هێرد بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بە دێپ بدات و لە بەرامبەریشدا دێپ دوو ملیۆن دۆلار بە هۆی ناوزڕاندنەوە بە هێرد بدات.
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگە، دێپ رایگەیاند "دادوەرەکان ژیانیان بۆ گەڕاندمەوە"، بەڵام ئێمبەر هێرد بڕیارەکەی بە "بێهیواکەر و نسکۆ" بۆ ژنان ناوبرد.
هێرد لەبارەی بڕیاری دادگە رایگەیاند "ئەو بێهوابوونەی هەستی پێدەکەم نایێتە زمان، دڵم شکاوە چونکە ئەو بەڵگانەی بە قەد شاخێک بوون بەس نەبوون بۆ وەستانەوە دژی هێز، هەژموون و کاریگەریی بێبەرامبەری هاوژینی پێشووم."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو "تەنانەت زیاتر بێهیوام لە بەرامبەر ئەو واتایەی ئەم بڕیارە بۆ ژنانی دیکە هەیەتی. ئەمە نسکۆیە. پاشەکشە بەو بیرۆکە دەکات کە تووندوتیژیی دژی ژنان بە جیددی وەردەگیرێت."
بە گوێرەی راپرسیێک لەلایەن واشنتن پۆست و ئەی بی سی نیوز، دۆسییەی جۆنی دێپ و ئێمبەر هێرد زیاتر لە شەڕی ئۆکراینا هەست و سۆزی ئەمریکییەکانی جوڵاندووە و بە ملیۆنان ئەمریکی بینەری دانیشتنەکانی دادگا بوون.
دەیان کەس لە بەردەم دادگەی ئەمریکا ئامادەبوون کاتێک دادوەر لە بەرژەوەندیی جۆنی دێپ بڕیاریدا، بەڵام لایەنگرانی هێرد بە پەنجەی دەست دەژمێردران.
جیا ئاندریانی، دانیشتووی ڤێرجینیا لە کاتی سەرکەوتنی دێپ رایگەیاند"هەستێکی خۆشە، زۆر خۆشحاڵم یاسا سەروەر بوو. ئەو نەک تەنیا توانیی ناوی خۆی پاکبکاتەوە و راستی بخاتەڕوو، بەڵکو وایکرد ئەو خاتوونە باجی درۆ و شێواندن و هەڵسوکەوتی خۆپەرستانە بدات."
سیدنی پۆرتەر، دانیشتووی ماریلاند دەڵێت "پێموابوو گرنگە بێمە ئێرە، چونکە ئەو خاتوونە کەسێک نەبوو لەوێ پاڵپشتی لێبکات. من تەنیا کەس بووم. پێموایە ئەو کەیسە گرنگی ئەوەی هەبوو باوەڕ بە ژنان و چیرۆکی دەستدرێژیی سێکسییان بکەین".
ئەو دوو ئەکتەرە سینەماییە لە 2009 لە فیلمی سینەمایی 'The Rum Diary' یەکدیان ناسی و لەم بەرهەمەدا رۆڵیان گێڕاوە، لە 2015 ژیانی هاوژینیان پێکهێنا و لە 2017 جیابوونەوە.
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەممووزی 1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی 'Elm Street' بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی '21 Jump Street' رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی ' What's Eating Gilbert Grape' و فیلمی 'Benny and Joon' لە 1993، دواتریش لە فیلمی 'Dead Man' لە 1995، هەروەها لە فیلمی 'Donnie Briscoe' لە 1997 و 'Loathing in Las Vegas' لە 1998.
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 3.7 ملیار دۆلارە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت و بڕیارە لە بەشێکی نوێدا دووبارە هەمان رۆڵ بگێڕێتەوە.
ئێمبەر هێرد، لە 22ـی نیسانی 1986 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و چالاکوانە، لەرێگەی فیلمی 'Never Back Down'لە 2008، 'Drive Angry' و 'The Rum Diary' لە 2011 و 'Aquaman' لە 2018 ناوبانگی پەیداکرد.
ئەمبەر هێرد، لە 22ـی نیسانی 1986 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و چالاکوانە، لەرێگەی فیلمی 'Never Back Down'لە 2008، 'Drive Angry' و 'The Rum Diary' لە 2011 و 'Aquaman' لە 2018 ناوبانگی پەیداکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ