73یەمین رێوڕەسمی خەڵاتی ئێمی بۆ بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
دوای ساڵێک دابڕان و پێشکێشكردنی ئۆنلاین بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، جارێکی دیکە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمی بۆ بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان گەڕایەوە لۆس ئانجلۆسی کالیفۆرنیا.
ئەمڕۆ گەورەترین رۆژی تەلەڤزیۆن بوو لە ئەمریکا، سیدریک ئانتۆنیۆ، کەسایەتی بواری کۆمیدی 73یەمین رێوڕەسمی خەڵاتی ئێمی بە گاڵتە و گەپەکانی دەوڵەمەندترکرد.
بەهۆی کۆرۆناوە ژمارەی میوانەکان بۆ کێبکڕکێکەی ئەمساڵ سنووردارکرابوون، ژمارەیەکیان لە ژوورەوە بوون، ژمارەیەکیان لە دەرەوە مانەوە، رێنماییەکانی کۆرۆنا جێبەجێکران. ئامادەبووان بەر لە چوونەژوورەوە پشکنینی کۆرۆنایان لەگەڵ خۆیان بردبوو.
تێد لاسۆ، بەرنامەی کۆمێدی تەلەڤزیۆنی کەلە ئاپڵ پڵەس پێشکێشدەکرا، بە 13 جار بووە زۆرترین پاڵێوراو لەرێوڕەسمەکەی ئەمساڵ. سەرجەم ئەکتەرانی تێد لاسۆ لە رێوڕەسمەکە بەشداربوون.
هانا وادینگهام، ئەکتەر گوتی: "ئەگەر تێبینی گرووپچاتەکانی ئێمەتکردبێت، دەبینیت کە حەزی ئاهەنگگێرانێکی بەکۆمەڵ لەنێوماندا هەیە. پرسیارمان لەیەک دەکرد: تۆ دەڕۆی بۆ رێوڕەسمەکە؟ ئەگەر تۆ نەڕۆی منیش ناڕۆم، منیش دەڕۆم ئەگەر تۆ بڕۆی، ئەتگوت 15ساڵانین، لەڕاستیدا ئەمەبوو ئێمەی بەم کارە گەیاند."
بەدوای ئەویش بەرنامەی زە کڕاون کە لە نێتفلیکس و هاندمەیدس تەیڵ لە هولوو هەریەکەیان بە 11 جار بوونە دووەم زۆرترین پاڵێوراو بۆ وەرزی ئەمساڵ.
لە رێوڕەسمەکەی ئەمساڵ رێز لە ئەکتەری ناوداری ئەمریکی مایکل کەی ویڵیام گیرا، کە هەفتەی رابردوو لە تەمەنی 54 ساڵی تەرمەکەی لە برووکلینی نیویۆرک دۆزرایەوەو باوەڕدەکرێت خۆی دەرمانخوارد کردبێت.
ویڵیام پاڵێوراوبوو بۆ باشترین ئەکتەری یاریدەدەر بۆ ئەو زنجیرە درامایەی رۆڵی تێدا گێڕابوو. چەندین ئەکتەر و پێشکێشکار دایاننابوو لەمڕۆژەدا لەگەڵ ویڵیام ئاهەنگبگێڕن و چێژ لە ئێمی ئەوۆردس ببینن.
کریس سوڵیڤان، ئەکتەر دەڵێت: "یەکێک لەو شتانەی کە زۆر دڵم پێی خۆشبووو لەم وەرزەی ئێمی ئەوەبوو کە من لە هەمان لیستەکەی ویڵیام پاڵێوراوبووم، گوتم دەرفەتم دەبێت لەیەکێک لەو ئێڤێنتانە بیبینم. بەداخەوە هەرگیز ئەو دەرفەتەم نەبوو بیبینم."
فاشن و جلوبەرگی هەریەک لە ئێم جەی رۆدریگیز، کاتێرین زێتا و جۆن ئۆلیڤەر و چەندەها ئەکتەر و پێشکێشکار و کەسایەتی دیکەی تەلەڤزیۆن لە ئەمریکا لەسەر فەرشی سوور جێگەی سەرنجی بینەرانبوون کە بۆ هەمیشە 73یەمین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئێمی بۆ بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکانی پێدەناسرێتەوە.