دوو هاوژینی کورد خەڵاتی هونەریی نەمسایان لەلایەن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە پێبەخشرا

20-01-2023
پەسار فایەق
نیگار حەسیب قەرەداخی و شەماڵ عومەر لەلایەن سەرۆککۆماری نەمسا خەڵاتکران
نیگار حەسیب قەرەداخی و شەماڵ عومەر لەلایەن سەرۆککۆماری نەمسا خەڵاتکران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو هاوژینی کورد لە وڵاتی نەمسا لەلایەن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە خەڵاتی هونەریی ساڵی 2022یان پێبەخشرا.

نیگار حەسیب قەرەداخی و شەماڵ عومەری هاوژینی، لەو کەسانە بوون خەڵاتی هونەریی ساڵی 2022ـی وڵاتی نەمسایان وەرگرت. رۆژی هەینی، 20-1-2023، نیگار عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا بە سەرۆکی نەمسام گوت کە ئێمە کوردین و پێش 30 ساڵ وەکو پەنابەر هاتووینەتە ئەم وڵاتە. ئەویش دڵخۆشی خۆی دەربڕی کە بەم ئاستە گەیشتووین".
 
ژنە هونەرمەندی کورد نیگار حەسیب قەرەداخی دەڵێت، خەڵاتەکە لە بەرامبەر کارەکانی سەنتەری لەیبەری لالش بووە کە ئەو و شەماڵ عومەری هاوژینی دامەزرێنەری سەنتەرەکەن.
 
نیگار حەسیب قەرەداخی گوتی: "لیژنەیەکی تایبەت خەڵاتەکان دیاری دەکەن. ئەو لیژنەیە بەشێوەیەکی نهێنی هەڵسەنگاندن دەکەن و لە نەمسادا دەگەڕێن. ئەندامانی ئەو لیژنەیە کارەکانی ئێمەیان هەڵسەنگاندبوو و بە شیاوی خەڵاتەکەیان زانین. ئێوارەی دوێنێ لەلایەن ئەلێکساندەر ڤان دێر بێلن، سەرۆکی نەمساوە خەڵاتەکەمان پێ بەخشرا".
 

نیگار حەسیب قەرەداخی و شەماڵ عومەر لەلایەن سەرۆککۆماری نەمسا خەڵاتکران

 
نیگار حەسیب قەرەداخی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی بینەر و زۆرینەی ئەندامانی چالاکییەکانی سەنتەرەکەیان لە نەتەوەکانی دیکەن، نەیانتوانیوە هەموو چالاکییەکانیان بە زمانی کوردی بن، بەڵام لە بەشێکی کارەکانیاندا کولتووری کوردیی رەنگی داوەتەوە.
 
خەڵاتەکە تەنیا بەو دوو هاوژینە کوردە نەبەخشراوە، بەڵکو ساڵانە دەدرێتە چەند هونەرمەند و نووسەری هەڵبژێردراو لە وڵاتی نەمسا.
 
سەنتەری لەیبەری لالش لە ساڵی 1998 دامەزراوە. لە سەنتەرەکەدا وانەی شانۆیی، وۆرکشۆپ، کۆنسێرت، پێشانگەی شێوەکاری و خوێندنەوەی شیعری ئەنجام دەدرێن و وەزارەتی شارەوانیی ئەو وڵاتەش هاوکاری دەکات.

 

چالاکییەکانی سەنتەری لەیبەری لالش کە لە ساڵی 2000ـەوە خاوەنی هۆڵی شانۆیی خۆیانن، تەنیا بۆ کورد نین، بەڵکو کارەکانیان نێودەوڵەتین و ئەندامانیان لە نەتەوەکانی دیکەن، وەکو خەڵکی ئەڵمانیا، نەمسا، ژاپۆن، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و هیندستان؛ بینەرەکانیشیان لە نەتەوە جیاوازەکانی جیهانن.
 
سەنتەری لەیبەری لالش پێشتر لە چەندین وڵاتی جیا خەڵاتیان پێبەخشراوە، لەوانە ژاپۆن.
 
نیگار حەسیب قەرەداخی، لە 1966 لە دایکبووە، دەرچووی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدایە، لە 1991ـەوە لە تاراوگە ژیان بەسەر دەبات، لە 2000 بڕوانامەی ماستەری زانستی شانۆ و ئەنترۆپۆلۆژیا لە زانکۆی ڤینا بەدەستهێناوە، لە 2006 بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە و لەگەڵ هاوژینەکەی شەماڵ عومەر، پڕۆژەی شانۆیی لابۆری شانۆی لالشیان دامەزراندووە. 
 
شەماڵ عومەر، لە ساڵی 1991ـەوە لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا نیشتەجێیە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە کۆلێژی زانستی شانۆ و کۆلێژی سۆسیۆکولتوور ئەنترۆپۆلۆژی لە زانکۆی ڤییەنا. لە ساڵانی هەشتاکاندا لە تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردی لە شاری سلێمانی کاری کردووە. لەگەڵ نیگار حەسیب قەرەداخیدا لەیبەری شانۆی لالشیان دامەزراندووە و بەردەوامن لە چالاکییەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە