لە فێستیڤاڵی فیلمی کەڕامەی ئوردن کورتە فیلمێکی کوردی لە پێشبڕکێدایە

رووداو دیجیتاڵ

'فیکە' کورتە فیلمێکی کوردییە و لە دەرهێنانی عادل عەبدولمەجیدە، لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی 13مین فێستیڤاڵی کەڕامە بۆ فیلمەکانی مافی مرۆڤ بەشدارە و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکات و ئەمڕۆ لە فیستیڤاڵەکەدا پێشاندەدرێت.
 
عادل عەبدولمەجید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ پێشاندانی کورتە فیلمی 'فیکە' لە فێستیڤاڵەکە ئامادەبووە و بڕیارە کاژێر 19:00ـی ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2022 پێشانبدرێت و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکات و بەربژێری خەڵاتی باشترین کورتە فیلمە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە لەگەڵ 14 کورتە فیلمی دیکە لە کێبڕکێدایە و فیلمی وڵاتانی، فەرەنسا، ئێرلەندا، جەزائیر و فەلەستین و چەند وڵاتێکی دیکە لە کێبڕکێدان.
 
گوتیشی، هەر ئەمڕۆ لە پانێڵێکدا بەشداربووە، تێیدا باس لە رێگرییەکانی بەردەم سینەما و چارەسەرییەکان کرا، بەتایبەت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا، هەروەها باس لە بەشداربوونی فیلمسازان لە فێستیڤاڵە سینەماییەکان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم و بەدەستهێنانی داهات کرا، بۆ ئەوەی بتوانن لە کارەکەیان بەردەوام بن.
 
کورتە فیلمی 'فیکە' باس لە سێ منداڵ لە کەمپی دۆمیز لە پارێزگای دهۆک دەکات، بەهۆی برسیەتییەوە کۆترێک راو دەکەن، بەڵام دواتر لە ئاهەنگی رۆژی جیهانی ئاشتیدا کۆترەکە ئازاد دەکەن.
 
13مین فێستیڤاڵی کەڕامە بۆ فیلمەکانی مافی مرۆڤ، لە 15ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە عەممانی ئوردن دەستیپێکرد و لە 21 ئەم مانگە کۆتایی دێت و خەڵاتەکانی پێشکێش دەکرێن.
 
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئەم رووداوە هونەرییە بە یەکەم فێستیڤاڵ لەسەر ئاستی ئوردن و وڵاتانی عەرەبی دەناسێنن کە تایبەتە بە مافی مرۆڤ.
 
عادل عەبدولمەجید لە 1987 لە دهۆکی باشووری کوردستان لە دایکبووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی دهۆک و بەشی دراما لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانە، دەرهێنەری چەند کورتەفیلم و بەرهەمێکی شانۆییە.