دادگە تۆمەتێکی گێچەڵی سێکسی دژی کێڤن سپەیسی رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کێڤن سپەیسی، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەمایی ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، لە دوای تۆمەتبارکردنی بە تۆمەتی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر سێ پیاو، دادگە یەکێک لە تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
 
ئەنتۆنی راپ، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی، سکاڵای لەسەر سپەیسی (62 ساڵ) تۆمارکردبوو کە لە 1986 گێچەڵی سێکسی پێکردووە، بەڵام لویس کاپلان، دادوەری دادگەی ناوچەیی لە نیویۆرکی ئەمریکا، داواکەی رەتکردەوە.
 
راپ (50 ساڵ)، ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، سپەیسی لە میانەی ئاهەنگێک لە مانهاتن بە مەستی گێچەڵی سێکسی پێکردووە. 
 
سپەیسی تۆمەتەکەی رەتکردەوە و بە پارێزەرەکەی راپی گوت، بیرم نایێت لە ئاهەنگێکی تایبەت، یاخود لە شوقەیەکدا لەگەڵ راپ بووبێت.
 
سپەیسی، لە ئەمریکا و بەریتانیا چەند تۆمەتێکی دیکەی دەستدرێژی سێکسی لەسەر تۆمارکراوە، گوایە لە ئازاری 2005 و نیسانی 2013 کاتێک بەڕێوەبەری هونەریی یەکێک لە هۆڵە شانۆییەکان بووە، دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر سێ کەس، لە بەرامبەردا ئەو ئەکتەرە تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە.
 
هەر بە هۆی ئەو سکاڵایانەی لە دژی ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە تۆمارکراون، تۆڕی نێتفلێکس، سپەیسی لە  زنجیرەی 'House of Cards' لە 2017 دوورخستەوە.