وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی "مێسیی بەغدا" لە کوردستان دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ 

کورتەفیلمی "مێسیی بەغدا" لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیە کە براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەمدەهێندرێت و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
 
بودجەی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن بەلجیکا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دابینکراوە و تەنیا لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە بودجەی فیلمەکە بۆ وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی خەرج دەکرێت.
 
لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2021 وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تاوەکو مانگی تەممووزی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لۆکەیشنەکانی وێنەگرتنی فیلمەکە لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر دەبێت.
 
ستافی تەکنیکیی فیلمەکە لە کوردستان، بەلجیکا و هۆڵەندا بەشدارن و هەریەک لە حوسێن حەسەن، زەهرا غەندور، ئەسیر عادل و عادل عەبدولڕەحمان لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
هێندریک ڤێرتە لەڕێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن (A Team Productions) لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەڕێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم (Mitos Film) لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانیش لە بەرهەمهێنانیدا بەشدار دەبن.
 
کۆمپانیای وایلد بۆنچ (Wild Bunch) کە بەهێزترین کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
 
کورتەفیلمی "مێسیی بەغدا" لە 2012 بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فیستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا، یەکێک لە 10 کورتەفیلمەکانی کورتەلیستی فیلمە کاندیدکراوەکان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم.
 
"مێسیی بەغدا" باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن لیۆنێل مێسییە.
 
ئەم فیلمە بووە هۆکار کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە چاوی بە لیۆنێل مێسی بکەوێت و دەزگایەکی بەریتانی هاوکاریی ماددی بۆ کۆکردەوە، لە ئێرانیش قاچێکی دەستکردی بۆ دروستکرا.
 
 
لە 2017 بەڕێوەبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیکا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی "مێسیی بەغدا" بۆ فیلمێکی درێژ تەرخانکرد و بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەیشی تەرخانکرد کە ساڵانە تەنیا پاڵپشتی شەش تا هەشت پرۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەکات.
 
بڕیاربوو کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە دەستپێکی 2020 دەستپێبکات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک تەواوی بەرهەمە سینەماییەکانی دیکە لە جیهاندا کاریگەری لەسەر وادەی وێنەگرتنی ئەم فیلمەش هەبوو.
 
ئەو بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی "زاگرۆس" کە 12 خەڵاتی لە فیستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.
 
سەهیم عومەر خەلیفە دانیشتووی وڵاتی بەلجیکایە، لە رێگەی کورتە فیلمی "خاکی پاڵەوانان"، "مێسیی بەغدا" و "نێچیرڤانی خراپ" زیاتر لە 120 خەڵاتی لە فیستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە و دوو لە فیلمەکانی بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بوونە وەک باشترین کورتەفیلم، ئێستا یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەکادیمیای ئۆسکار و لە رووی وەرگرتنی خەڵاتی سینەماییەوە خاوەنی چەندین ریکۆردە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا.