بۆلیوود لە بۆکس ئۆفیس لە قەیراندایە

رووداو دیجیتاڵ

هیندستان ئەو وڵاتەی زیاتر لە هەموو وڵاتێک فیلم بەرهەمدێنێت، ئێستا رووبەڕووی کێشەی لەدەستدانی بینەر بووەتەوە. 
 
بۆلیوود ساڵانە تێکڕای هەزار و 600 فیلمی بە زمانی هیندی بەرهەمدێنا، ئێستا هۆڵەکانی سینەما خامۆش بوون و داهاتی فیلمی هیندی لە بۆکس ئۆفیس بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە؛ قەیرانەکە دوای داخستنی سینەماکان بەهۆی پەتای کۆراناوە دەستیپێکرد، ئەگەرچی ئێستا کراونەتەوە، بۆلیوود نەگەڕاوەتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. 
 
لەمبارەیەوە کاران تاورانی، شرۆڤەکاری سینەمای بۆلیوود
دەڵێت "ئێمە نزیکەی 55 بۆ 60 فیلمان هەبوو کە بە زمانی هیندی بڵاوکرانەوە لە چوار چارەکی رابردوودا، واتە لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە کاتێک کە سینەماکان بە تەواوی کرانەوە. لە کۆی ئەو 55 بۆ 60 فیلمانە کە ناوەڕۆکەکەیان هەمووی هیندی بوو، تەنیا حەوت هەشتێکیان داهاتێکی باشیان لە بۆکس ئۆفیس کۆکردەوە."
 
هەروەها مانجۆ دێسای، خاوەنی دوو هۆڵی سینەما لە مومبای، لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئەمە خراپترین قەیرانە رووبەڕوومانبووبێتەوە. پێشتر چەندین ساڵی پێدەچوو تا یەک دوو فیلم شکست بێنن، ئێستا هەشت تا 10 شکستدێنن."
 
ئەم نسکۆیەی بۆلیوود کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، یەکێک لەوانە، زیادبوونی خواستی بینەری هیندییە لەسەر فیلمی بیانی، بەهۆی ئەوەی پێیانوایە فیلمە هیندییەکان ناوەڕۆکیان دووبارەیە و چیرۆکی نوێیان تێدا نییە. 
 
تەنانەت فیلمەکانی ئەستێرە بەناوبانگەکانی وەکو ئەکشەی کۆمار، ئەمیرخان و سەلمان خانیش توانای راکێشانی سەرنجی بینەرانی هیندستانی لەدەستداوە. 
 
کاران تاورانی، شرۆڤەکاری بۆلیوود، روونیکردەوە: "پێموایە بینەر حەزیان لەو ئەستێرانەیە، ئەوە روونە، بەڵام دەیانەوێت ئەو ئەستێرانە لەو فیلمانەدا ببینن کە نێوەڕۆکی باشیان هەیە، تاوەکو هۆکارێکیان پێ بدات کاتەکەیانی بۆ تەرخانکەن بچنە سینەماکان لەسەر شاشەی گەورە سەیریان بکەن."
 
مانجۆ دێسای، خاوەنی دوو هۆڵی سینەمای مومبای لەبارەی هۆکاری کەمبوونی بینەری سینەما، دەڵێت: "پێویستە پاڵەوان زۆر زیرەک بێت. پێویستە چیرۆک، گفتوگۆ و میوزک زیرەکانە بن. ئەگەر میوزک باش بێت، گۆرانییەکان باش بن، کەس ناتوانێت دەست لەو فیلمە بدات، فیلمەکە باش دەڕوات، بەڵام ئەگەر وا نەبێت، خەڵك لێی بێزاردەبێت."
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بینەرانی بۆلیوود، بریتییە لە زیادبوونی بەکارهێنانی سەکۆ ئۆنلاینەکانی وەکو نێتفلکس، کە فیلمە بیانییەکانیان بینەری هیندستانییان هانداوە واز لە فیلمی هیندی بێنن و ئەزموونێکی نوێ تاقیبکەنەوە.  
 
بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هیندستان، لەدوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە وازیان لە هۆڵە سینەماییەکان هێناوە و ئێستا 96 ملیۆن کەس بە ئۆنلاین سەیری فیلم دەکەن.
 
لە کاتێکدا کە بلیتی سینەما بە 100 تا 200 رووپیەیە کە ئەوە بەشی بەشداریکردنی یەک مانگی سەکۆ ئۆنڵاینەکان دەکات. 
 
تالها باگساریا، خوێندکارە و لەبارەی سەیرکردنی فیلم لە پلاتفۆڕمە ئۆنلاینەکان دەڵێت: "من تەماشەکردنی ئۆنڵاینم پێ باشترە وەک لە رۆشتن بۆ سینەما، چونکە هەرزانترە بۆ من و ئاسوودەتریشە. دەتوانم بە نرخێکی گونجاوترەوە لەگەڵ هاوڕێ و خێزانم سەیربکەم."
 
یەکێکی دیکە لەو ئاستەنگانەی هاتوونەتە بەردەم بۆلیوود، هەڵمەتی هیندۆسە راستڕەوەکانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بایکۆتکردنی چەند فیلمێکی دیاریکراو؛ بۆنموونە فیلمی 'براهماسترا' لە لایەن بەشێکی زۆری خەڵکەوە بایکۆتکرا چونکە چەند ساڵێک لەمەوبەر، یەکێک لە ئەکتەرەکانی پشتیوانی خواردنی گۆشتی مانگای کردبوو. 
 
لە ئەنجامی ئەم کێشە زۆرانە، زیانی ماددی گەورە بەر بۆلیوود کەوتووە، بەجۆرێک کە پێشتر 50٪ی فیلمەکان داهاتی ئامانجکراویان بەدەستدێنا، بەڵام ساڵی رابردوو، تەنیا 20٪ فیلمەکان بە ئامانجەکەیان گەیشتوون.