راپرسیی زانکۆیەکی باکووری کوردستان: 46٪ـی پیاوان و 54٪ـی ژنان هاوژینەکانیان بە دڵ نییە

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپرسییەک کە لە باکووری کوردستان کراوە، زۆربەی پیاوان و ژنان دەڵێن ئەگەر ژیان بگەڕێتەوە، هاوژینی ئێستایان ناوێتەوە.
 
لە زانکۆی ئیدری باکووری کوردستان، راپرسییەک کراوە و پرسیار لە خەڵک کراوە 'ئەگەر ژیان بگەڕێتەوە، ئامادەیت دووبارە ژیانی هاوژینی لەگەڵ هاوژینی ئێستات پێکبهێنیت؟' 46٪ـی پیاوان و 54٪ـی ژنان دەڵێن 'نەخێر.'
 
بەشی دەروونناسی لە کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆکە راپرسییەکەی کردووە. پرسیارەکە لەڕێی چەند پلاتفۆرمێکی سۆشیاڵ میدیاوە ئاراستەی خەڵک کراوە. پرسیاری ئەوەش کراوە "ئامادەیت ژیانی هاوژینی پێکبهێنیت؟''
 
ئەوانەی پرسیارەکانیان ئاراستە کراوە، نیوەیان ژن و نیوەیان پیاون. لە ئەنجامدا 46٪ـی ئەو پیاوانەی لە راپرسییەکەدا بەشداربوون، رەتیانکردەوە لەگەڵ هاوژینی ئێستایان ژیانی هاوژینی پێکبهێنن. هەروەها 54٪ـی ژنەکان گوتوویانە ئەگەر ژیان بگەڕێتەوە، لەگەڵ هاوژینی ئێستایان ژیانی هاوژینی پێکناهێنن.
 
هەروەها 32٪ـی پیاوان پێیانوایە ژیانی هاوژینی ئاسوودەیی بۆ دروستکردوون و 30٪ـیان پەشیمانن لەوەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە. 
 
34٪ـی ژنان پەشیمانن لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و 20٪ـیشیان دەڵێن، ژیانی هاوژینی ئاسوودەیی بۆ هێناون.
 
72٪ـی بەشداربووان گوتیان، ئەگەر ژیان دووبارە ببێتەوە، ئامادەن ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، لەبەرامبەردا 28٪ـیان گوتیان ئەگەر ژیان بگەڕێتەوە، ئامادە نین بە هیچ شێوەیەک ژیانی هاوژینی پێکبهێنن.
 
د. سەید یڵدرم، مامۆستای بەشی دەروونناسی لە زانکۆی ئیدر رایگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە دەرکەوتووە ژنان زیاتر هەست بە ستەمدیدەیی دەکەن و پێیانوایە ژیان بەرامبەریان دادپەروەر نییە. یڵدرم پێیوایە، "ماڵی نائاسوودە، کۆمەڵگەی نائاسوودە دروستدەکات." 
 
لە راپۆرتی ئەنجامی راپرسییەکەدا هاتووە؛ بەشێک لە بەشداربووان، کۆمێنتی سەرنجڕاکێشیان لەسەر وەڵامەکانیان نووسیوە. 
 
یەکێک لە پیاوەکان نووسیویەتی: ئەگەر ببمە باڵندە، بە سەر ئەو گوندەدا نافڕم کە ژنەکەمی لێیە.
 
هەروەها ژنێک نووسیوتی "هەموو کاری ماڵەوە خۆم دەیکەم، هاوکات کاری دەرەوەشم هەیە. کاتێک دەگەینەوە ماڵەوە، مێردەکەم وەکو پاشا رادەکشێت و فەرمان دەردەکات. من دڵم بەو ژیانە خۆش نییە و هەموو بارەکە لەسەر شانی منە."
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیا، ساڵی رابردوو 565 هەزار و 435 زەماوەند کراوە. بەراورد بە 2022، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی 1.82٪ کەمبووەتەوە.