رووداو دیجیتاڵ
ئەکادیمیای کوردی بە هاوکاریی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دیدارێک بۆ زمانی دایک ساز دەکات. سەرۆکی ئەکادیمیاکەش دەڵێت، لەو رۆژەدا چوار پرۆژەی زانستی رادەگەیێنن.
سێشەممە 18ی شوباتی 2025 حەمەسەعید حەسەن، سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی ئەکادیمیای کوردی بە هاوبەشیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ رۆژی زمانی دایک، دیداری (ژیواری زمانی کوردی لە ئێستا و داهاتوودا)، رێکدەخات."
دیدارەکە سبەی چوارشەممە 19-02-2025 کاژێر 10:00ی بەیانی لە تەلاری ئەکادیمیای کوردی، بەڕێوەدەچێت. حەمەسەعید حەسەن گوتی، "وێڕای پیرۆز راگرتنی رۆژی دایک، لە رێگەی چوار پرۆژەی زانستییەوە، ئەم یادە بەرز دەنرخێنین."
لەبارەی دیدارەکەوە سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی روونیکردەوە، "دیدارێکی گرنگە؛ گرنگیی دیدارەکە لەوەدایە کە بەبۆنەی ساڵڕۆژی زمانی دایکەوە ساز دەکرێت و رۆژێکی تەواو دەخایێنێت. واتە دیدارەکە تەنیا یەک رۆژە و خوێندنی باڵا هاوکاریمان دەکات."
سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی دەشڵێت، "لە هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا، بانگهێشتی هەموو بەشە کوردییەکانمان کردووە. بڕیارە جگە لە مامۆستایەکی زمانی کوردی لە زانکۆکە، سەرۆکی زانکۆکەیش بەشداریی دیدارەکە بکات."
دیدارەکە دوو پانێڵە، پانێڵی یەکەم کاژێر 11:30 دەستپێدەکات و کاژێرێک دەخایێنێت. پانێڵی دووەمیش کاژێر 15:00 دەستپێدەکات و نزیکەی دوو کاژێر بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ