کچێکی 6 ساڵی کورد لە ئەمریکا پلەی دووەمی پێشبڕکێی پیانۆ بەدەستدەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

کچێکی تەمەن شەش ساڵی خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستان لە پێشبڕکێیەکی ئەمریکادا پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دایکم یەکەمین مامۆستام بووە و هانیداوم."
 
دەلال ئارین لەم تەمەنەوە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر شەیدای ژەنینی پیانۆیە، ئەو لە ئاستێکدایە کە بە دەگمەن لە منداڵانی تەمەن شەش ساڵ دەبینرێت.
 
دەلال ئارین بە هاوکاریی بەراک دەمیرەل (دایکی) کە مامۆستای دایەنگەیە، بەشداریی لە پێشبڕکێیەکی تایبەت بە پیانۆژەنانی تەمەن شەش ساڵ لە ئەمریکا کرد.  دەمیرەل لەوبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند "دەلال لە پێشبڕکێی 2021ی باشووری فلۆریدا لە ئەمریکا، لە سەر ئاستی پیانۆژەنانی تەمەن شەش ساڵدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا".
 
ئەمە لەکاتێکدایە دەلال ساڵی 2020 لە فیستڤاڵی نێودەوڵەتیی "میوزیکی ماڵەوە" بۆ پیانۆژەنانی منداڵ کە 17 وڵات تێیدا بەشدارببوون، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. 
 
دایکی دەلال هەروەها گوتی: "بەداخەوە ئەمڕۆ ئامێرە تەکنەلۆژییەکان کاتی زۆری منداڵان بەفیڕۆ دەبەن. ئێمە لەکاتی کەرەنتیندا منداڵەکانمان پاراست لەوەی زۆربەی کاتەکانیان بە سەیرکردنی تەلەڤزیۆن و بەکارهێنانی ئامێرە تەکنەلۆژییەکانەوە بفەوتێت. بەڵکو زەمینەسازیمان بۆ ئەوە کرد منداڵەکانمان بتوانن سوود لە کاتەکانیان وەربگرن".