لە هۆڵەندا فێستیڤاڵی رەنگاڵە بۆ هونەر و کولتووری کوردی بەڕێوەچووە

18-01-2025
رووداو @Rudawkurdish
دیمەنێکی فێستیڤاڵەکە
دیمەنێکی فێستیڤاڵەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژانی رابردوو، لە دێنهاخی پایتەختی سیاسیی هۆڵەندا فێستیڤاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێشی تایبەت بە هونەر و کولتووری کوردی هەبوو. خانمێکی هۆڵەندیی بەشدار لە فێستیڤاڵەکەدا بە سەرسامییەوە باسی جوانیی کولتووری کوردیی کرد.
 
ریحان خەزنەوی، دیزاینەر کوردی رۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە، ماوەی 6 بۆ 7 ساڵە لەو وڵاتە دەژی، دەڵێت، "حەزم کرد ئەم ئیڤینتە بکەم و بە پێویستم زانی کورد لێرە کۆبکەمەوە."
 
ریحان خەزنەوی ئاماژەی بەوە کرد، "دەبینم کە پشتگیرییەکی بەرچاو نییە بۆ پشتگیری لە گەنجان و کاری گەنجان، بۆیە دەمەوێت لێرەوە پشتیوانییان بۆ بڕەخسێنم."
 
ئەو دیزاینەرە باسی لە فێستیڤاڵە هونەری و کولتوورییەکە کرد و گوتی، تابلۆ و زۆر شتی تایبەت خراونەتەڕوو، "پێویستە سەرنجیان بخەینەسەر، بە خەڵکی خۆمان بیانناسێنین و پشتیوانییان بکەین، رێگە بدەین زیاتر گرنگی بە کولتوور و هونەر و فەرهەنگی کوردی و جلوبەرگ و دیزاینی کوردی بدەن."
 
مەسعود تاهلۆ، دیزاینەر دەڵێت، "لە 2018وە کاری دیزاین دەکەم و ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر جلوبەرگی کوردی دەکەم، پێشتر دروستم نەدەکرد، بەڵام دوای ئەوەی بیرم کردەوە من کوردم و دیزاینەرێکی کوردم، بۆچی گرنگی بە دیزاین و دروستکردنی جلوبەرگی کوردی نەدەم، بۆیە کردم و هەوڵ دەدەم کولتووری خۆمان دەربخەین. هەرچەندە ئەوانەی من دروستیان دەکەم جیاوازن، بەڵام ویستم کوردایەتیی خۆم لە رێگەی دیزاینەکانمەوە بۆ گەلەکەم و هەموو جیهان دەربخەم."
 
بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکە دارین مورادە کە مۆدێلە، خەڵکی قامیشلۆیە و لە ئەڵمانیا دەژی، دەڵێت، "یەکەمجارە دێمە هۆڵەندا و بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا دەکەم. دوو کراسی کوردی نمایشکران، یەکێکیان دیزاینی مەسعود بوو. زۆر دڵخۆشم، چونکە بەشداریکردنم لەم نمایشەدا هاندانێکە بۆ من و دەرخستنی جوانیی جلوبەرگی کوردی، کاتێک رێکخەران داوایان لێکردم بەشداریی نمایشەکە بکەم، زۆر خۆشحاڵ بووم، کە لە شارێکی وەکو دهۆک لەگەڵ کوردەکانی خۆمان لێرە بووم، لەگەڵ زۆر دیزاینەری کورد ئاشنا بووم و هەمیشە شتی جوان هەیە بۆ نیشاندان، خەڵکی ئێمە زۆر توانستیان هەیە."
 
دیزاینەرێکی دیکە لە فێستیڤاڵەکە بەناوی مەسعود تاهلۆ گوتی، "ئەمڕۆ شتێکی زۆر تایبەتە بۆ من کە جلوبەرگی کوردیمان نمایش کرد، خەڵکی هۆڵەنداش ئەمڕۆ جلە جوانەکانی ئێمە دەبینن، ئەمەش شتێکی زۆر باشە بۆ ئێمەی کورد و بۆ کوردستان."
 
جۆلێ ڤان هارلێم کە وەکو میوان لە فێستیڤاڵەکە بوو، باسی لەوە کرد، "زۆر خۆشە. دراوسێکەم بانگهێشتی کردووم. بەڕاستی نەمدەزانی دەبێت چاوەڕێی چی بکەم، بەڵام تووشی سوپرایز بووم. بەڕاستی ئەوەی لێرە هەیە زۆر جوانە، هەم رووناکی و هەم رازاندنەوەی هۆڵەکە و خواردنێکی یەکجار زۆر خۆشیشی لێیە، بەڕاستی بۆ ئێمە زۆرتر لە چیرۆکی بەر ئاگردان دەچێت، بەتایبەتی ئەو هەموو وردەکارییە جوانکارییەی دەیبینین و ئەو خشڵە جوانانە، هەروەها ئەو هەموو خانمە نازدارانە! بەڕاستی ئێرە زۆر رەنگینە. قەت نەمدەزانی کولتووری کوردی هێندە جوانە."
 
ریحان خەزنەوی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەندین، دەبێت نیشانی بدەینەوە کە خاوەنی کولتوورێکی راستەقینەین و ئەمە جلوبەرگە کوردییەکانمانە و جلوبەرگی فۆلکلۆرین، جلوبەرگی خێڵەکی و نوێن. پێشانگای رەنگاڵە، دەبێت بەردەوام بێت و ساڵانە جارێک بکرێت بۆ پشتگیریی کاری گەنجانی کورد لە ئەورووپا بەگشتی، ئەوانەی ئەم ساڵ دەرفەتیان نەبوو بەشداربن، ساڵی داهاتوو دەرفەتێکی نوێ و چانسێکی نوێ بە شێوەیەکی پیشەییتر دەبێت."
 
رەنج ئازاد، هونەرمەند خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداری لە فێستیڤاڵەکە دەربڕی و بە "گەورەترین ئیڤێنتی کوردی لە هۆڵەندا" ناوی برد، ئاماژەی بەوەش کرد، وەکو هونەرمەندێک بە زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی خزمەتی فێستیڤاڵەکەی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە