پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکرێتەوە و نزیکەی 1.5 ملیۆن کتێب نمایش دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکرێتەوە و 10 رۆژ بەردەوام دەبێت. زیاتر 300 دەزگەی چاپ و بڵاو کردنەوە بەشداری دەکەن و نزیکەی 1.5 ملیۆن کتێب نمایش دەکرێن.
یەکەم رۆژی پێشانگەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی نیسانە و تاوەکو 27ی نیسانی 2024 بەردەوام دەبێت. رۆژانە لە کاژێر 10:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 20:00 کراوەیە.
ئەمە 16ـەمین خولی پێشانگەکەیە. شێروان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کردنەوەی پێشانگەکە بە رووداوی گوت، "نزیکەی 300 دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆ و بیانی بەشداری دەکەن دەکرێتەوە.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب لەلایەن دەزگای ئەلمەدا بۆ میدیا، رۆشنبیری و هونەر بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
ئیهاب قەیسی، بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە رووداوی راگەیاند: "شازدەیەمین گەڕی پێشانگەی کتێب بە درووشمی 'بخوێنەوە... زیرەکیت دەستکرد نییە' لە گۆڕەپانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر - پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە 300 دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەرێمی کوردستان، عێراق، عەرەبی و وڵاتانی دەرەوە بەشداریی پێشانگاکە دەکەن. نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار ناونیشانی کتێب لە بوارە جیاوازەکانی زانست، ئەدەب و هونەردا نمایش دەکرێت."
ئیهاب قەیسی روونیکردەوە: "بەدرێژایی 11 رۆژ بەرنامەی پێشانگەکە چەندین چالاکیی هەمەچەشن لەخۆ دەگرێت؛ لەوانە سیمیناری گفتوگۆ، واژۆکردنی کتێب، ئێوارە مۆسیقییەکان، دەستپێشخەرییە هونەرییەکان کە هەموو کۆشکەکانی پێشانگەکە دەگرێتەوە."
بەڕێوەبەری پێشانگاکە ئاماژەی بەوەدا، داشکاندنی زیاتر لە 50٪ بۆ کتێبەکانی نێو پێشانگە دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی هاندانی هاونیشتمانییانە بۆ خوێندنەوە. ھەروەھا داشکاندن لە گواستنەوە و گەیاندن دەکات بۆ ئاسانکاریی چوونە ناو پێشانگەکە، چ لەناو شاری ھەولێر، یان بۆ ئەوانەی لە شار و پارێزگاکانی دیکەوە دێن، بە ھاوکاری کۆمپانیا ناسراوەکانی گواستنەوە.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب ساڵانە لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە سەرپەرشتیی گشتی دەکرێت و دەکرێتەوە. پێشانگەکە 11 رۆژ دەخایێنێت.