بیۆنسێ بۆ زۆرترین خەڵاتی گرامی بەربژێر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بیۆنسی، گۆرانیبێژی ئەمریکی و براوەی 28 خەڵاتی میوزیکی گرامی، ئەمساڵ بۆ زۆرترین خەڵاتی گرامی بەربژێرکراوە کە نۆ خەڵاتە و لە چەند بەشێکی جیاوازدا دابەشدەکرێن.
 
هەرچەند بیۆنسی بۆ زۆرترین خەڵات بەربژێرکراوە، بەڵام هونەرمەندانی کە بۆ هەمان خەڵات بەربژێرکراون، رکابەری بەهێزن، لەوانە ئەدێل، هاری ستایڵز، بە تایبەتیش بۆ خەڵاتی باشترین ئەلبوومی ساڵ.
 
گرامی بە گرنگرتین خەڵات لەبواری میوزیکدا دەناسرێت و بیۆنسی بە بەربژێرکردنی بۆ نۆ خەڵات، دەبێتە خاوەن 88 جار بەربژێربوون بۆ ئەو خەڵاتە، بەمەش هاوتای هاوژینی جەی زەی، راپەری ئەمریکی دەبێت کە تاوەکو ئێستا زۆرترین جار بۆ گرامی بەربژێرکرابوو و بەهەمان شێوەی 88 جارە.
  
لە بەشی باشترین ئەلبوومی ساڵ، 'Renaissance'ـی بیۆنسێ، '30'ـی ئەدێل، 'Harry's House'ـی هاری ستایڵز و 'Special'ـی لیزۆ بەربژێری بەهێزی خەڵاتەکەن.
 
کێندریک لامار، راپەری کەنەدی، لەدوای بیۆنسێ دێت و بۆ هەشت خەڵات بەربژێرکراوە، لەوانە خەڵاتی باشترین ئەلبوومی ساڵە، ئەویش ئەلبوومی 'Mr. Morale & the Big Steppers'یە.
 
لەدوای ئەو دوو هونەرمەندە، ئەدێل و براندی کارلایەل لە ریزبەندی سێیەم دێن و هەریەکەیان بۆ حەوت خەڵات بەربژێرکراون.
 
ئەم کێبڕکێیەی نێوان بیۆنسێ و ئەدێل، کێبڕکێی 2017 بیر هەوادارانی دەخاتەوە کاتێک هەردووکیان بەربژێری خەڵاتی گرامی بوون بۆ باشترین ئەلبوومی ساڵ و ئەدێل بردییەوە، بەڵام لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئەدێل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئەلبوومەکەی بیۆنسێ شایەنی خەڵاتەکە بوو.
 
بڕیارە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی گرامی لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا لە 5 شوباتی 2023 بەڕێوەبچێت.
 
خەڵاتی گرامی ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای تۆمارکردنەوە بە باشترین بەرهەمە میوزیکییەکانی ساڵ دەدرێت و بە یەکێک لە چوار گرنگترین خەڵاتی کات بەسەربردن لە ئەمریکا دەناسرێت، ئەویش خەڵاتی ئۆسکار بۆ سینەما، ئێمی بۆ بەرهەمی تەلەڤزیۆنی و تۆنی بۆ شانۆ، یەکەم رێوڕەسمی لە 4ـی ئایاری 1959 بەڕێوەچوو و سەرەتا ناوی خەڵاتی گرامۆفۆن بوو.