لە کۆنسێرتێکی 'بی تی ئێس' سەت هەزار کەس ئامادەبوون

رووداو دیجتیاڵ

لە کۆنسێرتی خۆڕایی گرووپی 'بی تی ئێس' لە بوسانی کۆریای باشوور، سەت هەزار کەس ئامادەبوون و 40 ملیۆن کەسیش لە رێگەی یەکێک لە پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان بینەری بوون.
 
کۆنسێرتەکە بەناوی 'Yet to Come' بوو و شەوی رابردوو 16 تشرینی یەکەمی 2022 بەڕێوەچوو، تێیدا ئەو گرووپە گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانیان پێشکێش بە ئامادەبووان کرد.
 
ئەمە یەکەم کۆنسێرتی ئەو گرووپەیە لە دوای ئەوەی ئەمساڵ ئەندامانی رایانگەیاند، وەک گرووپ کار نەکەن و هەریەکەیان بەرهەمی تایبەت بە خۆیان بڵاوبکەنەوە.
 
ئەندامانی ئەو گرووپە کەی پۆپە لە کۆنسێرتەکەدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، ئەوان کاتێک بڕیاریانداوە هەریەکەیان بەرهەمی تاک بڵاوبکەنەوەم بە مانای ئەوە نەبووە کە گرووپەکەیان هەڵدوەشێتەوە، بە گووتەی ئەوان "میدیاکان لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ قسەکانیان کردووە".
 
کۆنسێرتەکە هەوڵێکی کۆریای باشوورە بۆ میوانداریکردنی پێشانگەی ئێکسپۆ 2023 لە شاری بوسان.
 
داهاتی ئەوگرووپە لە 2021ـدا لە سەرووی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە و هۆکار بووە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی چەندین ملیار دۆلار بەدەستبێنێت.
 
لە 10 حوزەیرانی 2022، گرووپی بی تی ئێس نوێترین ئەلبوومی بەناوی'Proof'  بڵاوکردەوە کە لە 48 تراکی گۆرانی پێکدێت، یەکێک لە تراکەکانی بەناوی 'Yet To Come'ـە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکرایەوە، لە ماوەی یەک رۆژدا زیاتر لە 51 ملیۆن بینەری هەبوو.
 
'بی تی ئێس' کە لە حەوت ئەندام پێکهاتووە، یەکەم گرووپی میوزیکی ئاسیا بوو لە 2021 خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکا بەدەستهێنا.
 
ئەندامانی گرووپەکە، لە 31مێ ئایاری 2022 دیداریان لە کۆشکی سپی، لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەبوو.
 
ئەندامانی گرووپەکە جلوبەرگی رەشیان پۆشیبوو و بۆ دەربڕینی خۆشەویستی، لەگەڵ بایدن دوو پەنجەی دەستیان لەیەکدی داوە و هاوشێوەی دڵ دەردەکەوێت.
 
بی تی ئێس 'بی تی ئێس' گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە و لە 2010 لە سیئۆل دامەزراوە، ئەندامانی بریتین لە جین، سوگا، ج-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک.
 
یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی '2Cool 4 Skool ' بڵاوکراوەتەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings' لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگی جیهانیان بەدەستهێنا.
 
'بی تی ئێس' یەکەم گرووپی میوزیکی کۆریایە، یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت و یەکەم گرووپی کۆریایە لە 2020 لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' بەربەژێری خەڵاتی گرامی بێت.
 
ئەو گرووپە براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکین، لەوانە شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد.