نەڤید زەردی بەرهەمێک لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نەڤید زەردی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرهەمێکی نوێ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.
ئەم بەرهەم ئەمڕۆ شەممە 15 تشرینی یەکەمی 2022 بەناوی 'وەرە دەرێ' لە کەناڵی تایبەتیی زەردی بڵاوکراوەتەوە.
'وەرە دەرێ' لە تێکست و ئاوازی نەڤید زەردییە و ڤیدیۆکەی، وێنەی ژینا ئەمینی و دیمەنی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەخۆدەگرێت.
ئەو هونەرمەندە کوردە بەم دواییە چەندین پەیامی ڤیدیۆیی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردووەتەوە.
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و 30 گۆرانی سینگڵی و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە، تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد و بیان داناوە و بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی 'ئەیلا' کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند عەبە کاریب، زیاتر لە 25 ملیۆن بینەری هەیە.
'بۆمبێ' دوایین ڤیدیۆکلیپی نەڤید زەردییە کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ ئارش، هونەرمەندی فارس و لە 20 حوزیرانی 2022 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە دوو ملیۆن و 842 هەزار بینەری هەیە.