مەم ئارارات یەکێک لە گۆرانییەکانی کۆنسێرتی ئادانا بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

مەم ئارارات، هونەرمەندی باکووری کوردستان، یەکێک لە گۆرانییەکانی لە کۆنسێرتی ئەدانا بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
 
گۆرانییەکە بەناوی 'بێدەنگیا دایکا من'ـە کە لە تێکست و ئاوازی مەم ئارارات خۆیەتی، تێیدا ئیلکان پالا و عەگید ئەیاز گیتاری کلاسیک و سەرکان ئاسا گیتاری باس دەژەنن.
 
لە 2022 مەم ئارارات زنجیرە کۆنسێرتێکی لە باکووری کوردستان و تورکیا سازکرد، کۆنسێرتی ئادانا لە 28 ئەیلوولی 2022 بەڕێوەچوو و گوڵبژێرێک لە گۆرانییەکانی پێشکێش بە هەوادارانی کرد.
 
دوایین کاری هونەریی مەم ئارارات وەک ڤیدیۆکلیپ، بەرهەمێکی دوێت بوو لەگەڵ هونەرمەند فرمێسک بەناوی 'بەهار' کە لە 15 حوزەیرانی 2021 بڵاوکرایەوە و بە شێوەزاری کرمانجی سەروو و خواروو گوتراوە.
 
مەم ئارارات، لە 1981 لە گوندی گرکێ شێخێ لە ناوچەی دێرکی چیای مازی لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بە پاڵپشتی هاوڕێکانی بەناوی 'قولنگ ئەور و باران' لە 2013 بڵاوکردەوە.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە تاوەکو ئێستا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، جگە لە ئەلبوومی 'قولنگ ئەور و باران'، ئەلبوومی 'کوردیکا' لە 2016، 'خەونا باژارەکی' لە 2018، 'نیشتمان' لە 2019 و 'پەسنا ئەڤینێ' لە 2020 بڵاوکردووەتەوە.
 
مەم ئارارات، بەشێک لە بەرهەمەکانی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'پاییز'، 'زۆزان'، 'خاترخوەستن'، 'چیچەکێ'، 'ژ ئێڤارەکا ئامادێ'، 'ئەڤینا دوو چیا' و 'دلۆ ئەز بمرم'.