لەسەر مردنی ماتیو پێریی ئەستێرەی 'فرێندز' پێنج کەس تۆمەتبار دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ 

داواکارانی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، رایانگەیاند، لەسەر مردنی ماتیو پێری، ئەستێرەی زنجیرەی کۆمێدیی 'فرێندز'، سکاڵایان لەسەر پێنج کەس تۆمارکردووە. 
 
پێری، رۆڵگێری کارەکتەری چاندڵەر، دوای چەند ساڵێک لە ئاڵوودەبوون بە کحول و ئازارشکێنەکانەوە، پار لە مەڵەکەی خۆی لە لۆس ئەنجلس گیانی لەدەستدا. 
 
مارتن ئێسترادا، کە یەکێکە لە داواکارەکان، گوتی: "ئەم سکاڵالێکراوانە کێشەی ئاڵوودەبوونی بەڕێز پێرییان بۆ خۆدەوڵەمەندکردن بەکارهێناوە. ئەوان دەیانزانی کارێکی هەڵە دەکەن. دەیانزانی ئەو کارەی دەیکەن، مەترسیی گەورەی هەیە بۆ سەر بەڕێز پێری، بەڵام هەر کردیان." 
 
لەنێو ئەو پێنج کەسەی کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، دووانیان پزیشکن و یەکێکی دیکەیان یاریدەدەری پزیشکە. 
 
ئێسترادا گوتی: "لە کۆتاییدا، ئەم سکاڵالێکراوانە دەستکەوتنی قازانج لە بەڕێز پێری بەلاوە گرنگتر بووە لە تەندروستییەکەی."
 
یەکێک لە دکتۆرەکان بە ناوی سالڤادۆر پلاسێنشیا، رووبەڕووی ئەگەری 120 ساڵ بەندکردن دەبێتەوە. 
 
پێری، لە ساڵانی 1994 تا 2004 لە زنجیرەی کۆمێدیی فرێندز دا رۆڵی چاندڵەر بینگ-ی گێڕا. 
 
تشرینی یەکەمی پار لە تەمەنی 54 ساڵیدا، بە مردوویی لە مەلەوانگەی ماڵەکەیدا دۆزرایەوە، کە ئەوە بۆ هەوادارنی زنجیرە بەناوبانگەکە لە سەرانسەری جیهان و هاوڕێ و نزیکەکانی، کۆستێکی هەژێنەر بوو. 
 
ئەنجامی توێکاری دەریخست کە مردنی بەهۆی کاریگەریی کێتامینەوە بووە، کە دەرمانێکە بە ئاڵوودەبووان دەدرێت بۆ ئەوەی چاکببنەوە.  
 
بە گوێرەی ئەنجامی توێکارییەکە، بڕێکی زۆری دەرمانەکە لەنێو خوێنیدا هەبووە. 
 
ئەوەی کە یاسا لێپێچینەوەی لەسەر دەکات، ئەوەیە کە چۆن ئەو دەرمانەی دەستکەوتووە، لە کاتێکدا دەبوو تەنیا لە ژێر چاودێریی پزیشک و بە بڕی سنووردارەوە پێیدرابا.  
 
پۆلیسی لۆس ئەنجلیس ئایاری ئەم ساڵ رایگەیاند، دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات. 
 
پزیشکەکان و ڤێتەرنەرەکان هەندێ جار کێتامین وەک سڕکەر بەکاردێنن. لێکۆڵینڤانان دەڵێن، دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکیش بەکاربهێنرێت. هەندێ کەسیش بۆ خۆسەرخۆشکردن، بە نایاسایی بەکاریدێنن. 
 
'فرێندز' کە باس لە ژیانی رۆژانەی شەش گەنجی دانیشتووی نیویۆرک دەکات، ژمارەیەکی زەبەلاحی بینەری لە سەرانسەری جیهان هەیە و ئەکتەرەکانی کە پێشتر ناوبانگیان نەبوو، بوون بە بەناوبانگترینی جیهان.  
 
لایەنێکی هەرە سەرنجڕاکێشی زنجیرەکە، کارەکتەری چاندڵەر بوو، کە گەنجێکی تەمەن بیست و شتێک ساڵی گاڵتەچی بوو و حەزی بە گەورەبوون نەبوو. 
 
بەهرەی پێری لە کۆمێدیادا سامانێکی گەورەی بۆ کۆکردەوە، بەڵام ئەو هەمیشە لایەنێکی تاریکی خۆی دەشاردەوە کە ئەویش ئاڵوودەبوونی بوو بە ئازارشکێن و کحولەوە. 
 
ساڵی 2018، بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێنەوە، قۆڵۆنی تەقی و چەند نەشتەرگەرییەکی کرد.  
 
لە پەرتووکی یادەوەرییەکانیدا بە ناوی  "Friends, Lovers and the Big Terrible Thing," کە لە ساڵی 2022 بڵاوکرایەوە، پێری باس لەوە دەکات کە دەیان جار چارەسەریی رزگاربوون لە ماددەی ئاڵوودەکەرەکان وەرگرتووە. پەرتووکەکەی پێشكێش بە "هەموو ئەوانەی دەناڵێنن" کرد و لە پێشەکییەکەیدا نووسی "دەبوو بمرم."
 
لە بەشێکی دیکەیدا هاتووە: "لە ساڵی 2001ـەوە، زۆربەی کات هۆشیار بووم، تەنیا شەست حەفتا رووداوێکی ناخۆش نەبن بە درێژایی ئەو ساڵانە."