بە بەشداریی هەژار زەهاوی و نەسیر شەممە کۆنسێرتێک بۆ لوبنان سازدەکرێت
رووداو - هەولێر
بە دروشمی ئێمە لەگەڵ لوبنانین، کاژێر06:00 ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، شەممە 15-8-2020 هەژار زەهاوی هونەرمەندی کورد، بە بەشداری ژمارەیەک هونەرمەندی جیهان بۆ پشتیوانی و هاوکاری بەیرووت لەرێگەی ئۆنلاینەوە کۆنسێرتێک سازدەکەن.
هەژار زەهاوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەکو هونەرمەندێکی کورد بەشداری لەو کۆنسێرتە دەکات و لەلایەن ھونەرمەند نەسیر شەممە بانگھێشتی کۆنسێرتەکە کراوە.
کۆنسێرتەکە لەلایەن رێکخراوی IFRC بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو کاژێر بەردەوام دەبێت. هونەرمەندانی بەشداربوو بە دوو خولەک میوزیک و گۆرانی پاڵپشتی بۆ گەلی لوبنان دەردەبڕن.
کۆنسێرتەکە دوای ئەوە دێت لە 4ـی ئەم مانگە تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری بەیرووتی پایتەختی لوبنان روویدا کە بە گەورەترین تەقینەوەی نائەتۆمیی لە مێژوودا ناوزەد كراوە. زیاتر لە دوو هەزار و 750 تۆن نیترانی ئامۆنیۆمی تێیدا تەقییەوە. بەوهۆیەوە زیاتر لە شەش هەزار و 500 كەس بریندار بوون و ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 171 كەس.
هەژار زەهاوی نزیكەی 25 ساڵە لە بواری ژەنینی ئامێری دەفدا كاردەكات و لە چەندین وڵات و لەگەڵ چەندین هونەرمەندی بیانیشدا كاری پێكەوەیی و كۆنسێرتی كردوو. لە سەرەتای كردنەوەی کەناڵی رووداویشەوە پێشكەشكاری بەرنامەی ئاوازی جیهان بووە و لەگەڵ ئەوەشدا بەرنامەیەکی دیکەشی بەناوی ئاوازی زەهاوی پێشکەشکردووە.