رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند کاروان حەمید حەلاق یەکێک لە ئەندامانی ئۆرکێسترای فەنفارای هۆڵەندییە، بڕیارە زنجیرە کۆنسێرتێک لە شارەکانی هۆڵەندا سازبکات، تێیدا هونەری نەتەوە جیاوازەکان پێشکێش دەکرێت.
کاروان حەمید حەلاق، گۆرانیبێژ و ژەنیاری ئامێرە فودارەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئۆرکێسترای فەنفارا کە خۆی ئەندامە تێیدا و مێژووەکەی سەت ساڵە، لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو، زنجیرە کۆنسێرتێک لە شارەکانی هۆڵەندا سازبکات و میوزیک و گۆرانی نەتەوە جیاوازەکان پێشکێش دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوایین کۆنسێرتی ئۆرکێسترای فەنفارا لە 12ـی تشرینی دووەمی 2022 لە شاری هێمستێد لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو و ئەو وەک هونەرمەندێکی کورد چەند گۆرانییەکی کوردی پێشکێشکرد، لەوانەش گۆرانی 'شیرین شیرین' و "بووە مایەی دڵخۆشی ئامادەبووان و جوانترین بەشی کۆنسێرتەکە بوو".
گوتیشی، لە کۆنسێرتەکەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە هۆگرانی میوزیک و گۆرانی و سەرۆکی شارەوانی شارەکە ئامادەبوون و لە کاتی گوتنی گۆرانی 'شیرین شیرین'، بە دوای ئەودا دەیانگوتەوە و ئاڵای کوردستانیش دانرابوو.
لە ئۆرکێسترای فەنفارا، جگە لە کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندانی چین، ئۆکراینا و ئێران تێیدا ئەندامن.
دوایین بەرهەمی ئەو هەنەمەندە کوردە بەناوی 'ئاخێک بۆ نیشتمان' بوو کە بەرهەمێکی لاوک و حەیرانە و هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدارن و بۆ یەکەمجار لەرێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە.
ئەم بەرهەمە لە تێکستی کاروان حەمید حەلاقە و تێکهەڵکێشێکە لەگەڵ شیعرێکی وەفایی، شاعیری کورد و لە 30 کانوونی یەکەمی 2022 بڵاوکرایەوە.
حەلاق، یەکێک لە هونەرمەندە چالاکەکانی تارواگەیە و لە فیستیڤاڵە میوزیکییە نێودەوڵەتییەکاندا، بە میوزیک و گۆرانی کوردی و جلوبەرگی کوردی بەشدار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ