'زاڵاوا' لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشدارە

 

رووداو دیجیتاڵ


فیلمی سینەمایی 'زاڵاوا' لە دەرهێنانی ئەرسەلان ئەمیری، سینەماکاری کورد، بەم دواییە لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداربووە و لە بەشی پێشبڕکیی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشدارە.

'زاڵاوا' لە بەشی پێشبڕکێی 'سینەمای کوردی' لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک نمایش دەکرێت.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە لە چوارچێوەی فیلمە بڵندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی 'سینەمای جیهان'، بەشی پێشبڕکێی 'سینەمای کوردی'، بەشی 'روانینێک لە سینەمای جیهان'، بەشی 'پانۆڕامای سینەمای کوردی' و بەشی 'نمایشی تایبەت'، لە رۆژانی 15 تا 22  تشرینی دووەمی 2021، لە هۆڵی 'کۆنگرەکان'ـی زانکۆی دهۆک و هەروەها لە هۆڵە سینەماییەکانی ناوەندی مازی مۆڵ لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە رۆژانی 24 و 31ـی تشرینی یەکەمی 2021 لە بەشی 'ئاسۆی ئێران' لە 30مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فێلادێلفیا لە شاری فیلادێلفیای ویلایەتی پنسلڤانیا لە ئەمەریکا نمایشکرا. 

ئەم بەرهەمە کوردییە لە بەرهەمهێنانی سەمیرا بەرادەری و روحوڵڵا بەرادەرییە و لە رۆژانی 28ـی تشرینی یەکەم و 6ـی تشرینی دووەمی 2021 لە بەشی 'کرەیک' لە 14یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە ئاسیاییەکان لە هۆنگ کۆنگ بەشداربوو.  

'زاڵاوا' لە نووسینی هاوبەشی ئایدا پەناهەندە، تەهمینە بەهرام و ئەرسەلان ئەمیری لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانیدا لە بەشی پێشبڕکێی 'دەرهێنەرە نوێیەکان' لە 45مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ساوپاولۆ لە بەرازیل نمایشکرا. 

فێستیڤاڵەکە لە رۆژانی 21ـی تشرینی یەکەم تا 3ـی تشرینی دووەمی 2021 لە شاری ساوپاولۆ لە بەرازیل بەڕێوەچوو.

'زاڵاوا' یەکەمین بەرهەمی بڵندی ئەرسەلان ئەمیری، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی 14یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مۆربیدۆ، لە رۆژانی 28ـی تشرینی یەکەم تا 3ـی تشرینی دووەمی 2021 لە شاری مەکسیکۆ سیتی لە مەکسیک بەڕێوەچوو.

فیلمەکە پاییزی ساڵی رابردوو لە گوندی شیانی شاری سنە و خوڕەمڕوود لە پارێزگای هەمەدان لە ماوەی 49 رۆژدا بە بەڕێوبەرییەتی وێنەگرتنی محەمەد رەسوولی وێنەگیراوە، تێیدا کۆمەڵێک ئەکتەری سینەمای و تەلەڤزیۆنی کوردستان و ئێران بەشدارن، لەوانە: نەوید پوورفەرەج، پووریا رەحیمی سام، هودا زەینولعابدین، باسیت رەزایی، شاهۆ رۆستەمی، فەرەیدوون حامیدی، ساڵح رەحیمی و زاهید زەندی.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی 'لیڤیلک'ـی دانیمارکی لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی 'هەفتەی رخنەگران' لە 78مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ڤینسی ئیتالیا نمایشکرا و توانی خەڵاتی 'فیپڕشی'ـی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی رخنەگرانی سینەما بە ناونیشانی باشترین فیلمی بەشی 'رۆژەکانی ڤینس' و خەڵاتی گەورەی 'هەفتەی رخنەگران' بەدەستبێنێت.