شاژنی میوزیکی پۆپ دەبێتە 65 ساڵ


رووداو دیجیتاڵ 

مادۆنا، ئەو دەنگەی گوێی چەندین نەوەی لەگەڵ خۆی گۆشکردووە و زیاتر لە 40 ساڵە هەوادارانی بە دەنگ و سەماکانی دڵخۆش دەکات؛ هەر بۆیە ناسناوی "شاژنی میوزیکی پۆپ"ـی لێنراوە.
 
16ی ئاب، تەمەنی مادۆنا دەبێتە 65 ساڵ. ئەو لە شاری بەی سیتی لە ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا لەدایکبووە و دایکی بە رەچەڵەک فەرەنسی - کەنەدی و باوکیشی پەنابەری ئیتاڵی بوو.
 
لە ساڵی 1982 یەکەم گرێبەستی هونەری واژۆ کرد و یەکەم گۆرانی خۆی تۆمار کرد.
 
لە ساڵی 1984دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی یەکەم ئەلبوومی بە ناوی "وەکو پاکیزە"، بووە ئەستێرەیەکی نێودەوڵەتی.
ئەو خانمە هونەرمەندە لە ماوەی پیشەی هونەریدا چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. 
 
مادۆنا لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی گرامی لە ساڵی 1999 رایگەیاندبوو، "ماوەی 16 ساڵە لە بواری میوزیکدا کار دەکەم و ئەمەش یەکەم خەڵاتی گرامیمە، بەڵام هەر ئەمشەو چوار خەڵاتی دیکەم بەدەستهێنا."
 
مادۆنا 14 ئەلبوومی گۆرانی هەیە و بەشداری لە زیاتر لە 10 فیلمدا کردووە. ساڵی 1985 لەگەڵ شۆن پێنی ئەکتەر ژیانی هاوژینی پێکهێنا و ساڵی 1989 جیابوونەوە.
 
ساڵی 2000 یش لەگەڵ گای ریچی دەرهێنەری بەریتانی ژیانی هاوژینی پێکهێنا و 2008 جیابوونەوە.