نادین یەکەم وێنەی خۆی لە پاش تەقینەوەکەی بەیرووت و نەشتەرگەرییەکان بڵاودەکاتەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ

نادین نەجم، خانمە ئەکتەر و مۆدێلی لوبنانی یەکەم وێنەی خۆی لە پاش تەقینەوەکەی لوبنان و ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆی کراون بڵاوکردەوە.
 
لە وێنەکەدا نادین لەگەڵ کوڕ و كچەکەی لەسەر تەختی نەخۆشخانە دەبینرێت و دەڵێت سبەینێ نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت.
 
لە کاتی تەقینەوەکەی بەیرووت نادین لە ماڵەکەی خۆی بریندار بوو و پاشان نەشتەرگەرییەکی شەش کاژێریی بۆ کرا. بەڵام منداڵەکانی لەوێ نەبوون و بەر تەقینەوەکە نەکەوتن.
 
لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، نادین دەڵێت، "سوپاس بۆ خودا کە منی بێبەش نەکرد لەم ساتە و منداڵەکانمی لە من بێبەش نەکرد".
 
لەپاش نەشتەرگەریی یەکەم، خوشکەکەی ئەو کچە ئەکتەرە رایگەیاند کە نادین نەشتەرگەریی دووەمی بۆ کراوە، ئەویش لەبەر ئەوەی لووتی لە تەقینەوەکەدا شکاوە و پێویستی بە راستکرندەوە هەبوو. 
 
نادین لە پۆستەکەیدا دەڵێت، خودا بەزەیی پێداهاتووەتەوە و یارمەتیی داوە کە بە خێرایی چاکببێتەوە و شوێنەواری برینەکان ساڕێژ ببن. 
 
لە کۆتاییدا نادین دەڵێت، هەموو لوبنانییەکان لە یەک شتدا هاوبەشن، ئەویش "ئازارە" و ئەو و چەندین دایکی دیکە بوونەتە قوربانیی تەقینەوەکە.
 
نادین پێشتر رایگەیاندبوو کە بڕیاری داوە لوبنان بەجێبهێڵێت و بڕواتە وڵاتێکی دیکە.