ئەندامێکی گرووپی 'بی تی ئێس' دەبێتە سەرباز

13-12-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن شەهرام نازری 'بی تی ئێس'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی 'BigHit Music' کە سەرپەرشتی کارەکانی گرووپی 'بی تی ئێس'ـی کۆریای باشوور دەکات، رایگەیاند، جین، ئەندامی گرووپەکە خزمەتی سەربازی لە وڵاتەکەی دەکات و داوا لە هەوادارانی کراوە لە شوێنی پەیوەندیکردن بە خزمەتی سەربازییەوە ئامادە نەبن، بۆ بینینی ئەو هونەرمەندە.
 
ئەو ئاژانسە داوای لە میدیاکانیش کردووە لەو شوێنە ئامادە نەبن، چونکە جین وەک سەربازێک، خزمەتی سەربازی دەکات و ئەرکی نیشتمانی خۆی بەجێ دەگەیێنێت و هیچ رێوڕەسمێک بۆ ئەم مەبەستە ساز ناکرێت، هەروەها لەو رۆژەدا ژمارەیەکی زۆر سەرباز لەگەڵ ماڵباتەکانیان ئامادە دەبن و قەرەباڵخییەکی زۆر لەو شوێنە دروست دەبێت.
 
بەم دواییە ئەو گۆرانیبێژە کۆرییە، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی خزمەتی سەربازی، وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە قژی کورت کردووەتەوە.
 
بڕیارە جین بۆ ماوەی پێنج هەفتە لە ناوەندی راهێنانی سەربازی بمێنێتەوە و راهێنانی سەربازی بکات، دواتر بۆ نێو سوپا دەگوازرێتەوە.
 
'بی تی ئێس' گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە و لە 2010 لە سیئۆل دامەزراوە، ئەندامانی بریتین لە جین، سوگا، ج-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک.
 
یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی '2Cool 4 Skool ' بڵاوکراوەتەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings' لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگی جیهانیان بەدەستهێنا.
 
'بی تی ئێس' یەکەم گرووپی میوزیکی کۆریایە، یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت و یەکەم گرووپی کۆریایە لە 2020 لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' بەربەژێری خەڵاتی گرامی بێت.
 
ئەو گرووپە براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکین، لەوانە شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە