لە هەولێر پێشانگەی تایبەتی شێوەکار ماهیر ستار کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکار ماهیر ستار بە ناونیشانی 'فۆڕمی ئێستایی لە شوێنی گریمانەیی' لە گەلەری فرێمینگ لە هەولێر کرایەوە.
لە تابلۆکاندا شێوەکار رابردووی پڕ لە نەهامەتی کوردی خستووەتەڕوو و لەمبارەیەوە ماهیر ستار، بە رووداوی راگەیاند، مەبەستی بوو ئەو ناونیشانە لە پێشانگەکەدا بەکاربێنێت، چونکە بۆ ساڵانی هەشتا و نەوەتەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و لەو کاتە ئەو لە گەنج بووە و خوێندکاری کۆلێژ بووە و بەهۆی دەسەڵاتی ئەو سەردەمە تووشی گیروگرفت بوو، روونیشیکردەوە، نەوەی ئەوان لە سەردەمی جەنگ ژیاون.
میوزیک بڕگەیەکی سەرەکی بوو و بە ئامێری کلارنێت لەلایەن میوزیکژەن گەیلان کامەرانەوە چەند پارجە میوزیکێک پێشکێشکران.
پێشانگەکە لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق، فێرگەی فرێمینگ و گەلەری سێڤ کرایەوە و جگە لە هۆگرانی شێوەکاری، ژمارەیەک شێوەکاری بە ئەزموون و گەنج ئامادەبوون.
نامۆ هونەرمەندی شێوەکار، لەبارەی ئەو ئەزموونە هونەرییە بە رووداوی راگەیاند، ئەزموونێکی زۆری پێوە دیارە، ساڵانێکە بە کاری هونەرەوە ماندووە، ئەو فۆڕمە گریمانییە هونەرمەند باسی کردووە، بە زەقی لە کارەکانیدا دەبیندرێت، شتێکە لە نێوان بوون و نەبوونە.
شی بارانی، کچە شێوەکارێکی گەنجە و بۆ بینینی ئەو ئەزموونە هونەرییەی ماهیر ستار، لە پێشانگەکە ئامادەبوو و بە وردی لە تابلۆکان رادەما و لەبارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێشانگەکە ئەزموونێکی باشی هونەرەمەندە، بەتایبەت لە رووی سپەیس و لە رووی رەنگەوە، هەروەها لە رووی فۆڕم و هێڵەوە زۆر باش بەرجەستەی کارەکانی کردووە.
پێشانگەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'هێلان' کرایەوە و بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت
'هێلان' پڕۆژەیەکی هونەرییە و ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و گرنگی بە چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان لە کوردستان دەدات، بە تایبەت کە لەلایەن هونەرمەندان و بەهرەمەندانی گەنج پێشکێش دەکرێن.
هەفتانە لە پڕۆژەکەدا چالاکی وەک پێشانگەی شێوکاری و کۆنسێرت پێشکێش دەکرێن و چالاکییەکان لە نێو فێرگەی فرێمینگ بەڕێوەدەچن.