بە خەڵاتکردنی سەباح عەبدولڕەحمان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

چالاکییەکانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، بە بەشداری 15 بەرهەمی شانۆیی و بە خەڵاتکردنی سەباح عەبدولڕەحمان، ئەکتەری شانۆیی و درامایی دەستیپێکرد.
 
فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هونەر پەیامی ئاشتی هەیە، دەبینین ئۆکراینا و رووسیا لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، لەوێ یەخەی یەکدی دەگرن، بەڵام لێرە ئاڵای سپی بەرزدەکەنەوە و لەرێگەی هونەرەوە دەڵێن، پەیامی ئێمە ئاشتییە و پەیاممان پێکەوەژیانە". 
 
نیاز نووری، سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، لەبارەی فیستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و رایگەیاند، پەیامی هەموو فێستیڤاڵەکان پێکەوەیی، جوانبینی، مرۆڤدۆستییە، هەفتەی رابردوو فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک هەموو هونەرمەندانی کوردستانی کۆکردەوە، ئێستا فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ دوای دابڕانێک دەستیپێکردەوە و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان کۆدەکاتەوە، گوتیشی: "ئەوەی سیاسەت لێکیان دادەبڕێنێت، هونەر کۆیاندەکاتەوە".
 
لە عێراق ژمارەیەک هونەرمەندی و رەخنگەری بواری شانۆ ئامادەبوون، بەشێکیان بۆ نمایشی شانۆیی و بەشێکیان بۆ بەشداربوون لە پانێڵەکانی فێستیڤاڵ.
 
مونا سەعید، نووسەر و رەخنەگری عێراقی، یەکێک لە میوانەکانی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵە و بە رووداوی راگەیاند، سازکردنی فێستیڤاڵەکە ئەوە دەگەیێنێت کە هەولێر لە پاڵ بونیادنان و پێشکەوتن کار لە بواری کولتووریش دەکات.
 
کازم نەسار، دەرهێنەر و رەخنەگری شانۆیی عێراقی، میوانی فێستیڤاڵە و بە رووداوی راگەیاند، شانۆی عێراقی لە هەموو شوێنێکە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، کە توانا ئیداری و هونەرییەکانی گەشە پێداوە، ئەمڕۆش نمایش، فێستیڤاڵ و ورکشۆپ دەبینین، ساڵ بە ساڵ گەشەکردنی زیاتری فێستیڤاڵەکە دەبینین، لە ئاستی میوان و نمایشەکان.
 
خەرمان هیرانی، ئەکتەری شانۆیی و دراماییە و لە ئەڵمانیا ژیاوە، لەبارەی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ دەڵێت، فێستیڤاڵ واتە کۆکردنەوەی شانۆکاران لە شار و شارۆچکەکان و وڵاتانی دیکە، بەتایبەت ئەگەر فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی بێت، فێستیڤاڵی شانۆی هەولێریش فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتییە، بۆیە دەبینین ژمارەیەک گرووپی شانۆیی لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون و لەو هەفتەیەدا بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.
 
بەکر مەعروف، ئەکتەری شانۆیی و درامایی، دڵخۆشی خۆی بۆ سازکردنی فێستیڤاڵەکە پێشاندا و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی ئەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە لە شاری ئاشتی و پێکەوەژیان بکرێت.
 
لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی زیڕین بە سەباح عەبدولڕەحمان، ئەکتەری بواری شانۆ و دراما بەخشرا و بڕیارە لە چوارچێوە فێستیڤاڵدا خەڵاتی رێزلێنان بە هەردوو ئەکتەری شانۆ و دراما، زاهیر عەبدوڵڵا و بەکر مەعرووف ببەخشرێت. 
 
هیوا سوعاد، سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، رۆژی شەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2022، میوانی بووڵتەنی هونەری بوو و لەبارەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ کە سێ ساڵە بەڕێوە نەچووە، رایگەیاند، هۆکاری بەڕێوە نەچوونی فیستیڤاڵەکە لە سێ ساڵی رابردوودا، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی بووە، بەڵام بەشی هەر گرنگی ئەوەبوو کە "تێنەگەیشتنێک بۆ گرنگی فێستیڤاڵەکە هەیە و جیاوازی لە مامەڵەکردن لەگەڵ فێستیڤاڵەکانی کوردستان کراوە".
 
روونیشیکردەوە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، تاکە فێستیڤاڵە سێ ساڵە وەستاوە، لە کاتێکدا فێستیڤاڵەکانی دیکە بەردەوامن و بایەخیشیان پێدەدرێت. 
 
بڕیاربوو حەوتەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 27ـی ئازاری 2022 بەڕێوەبچێت، بەڵام چەند جارێک سازکردنی رەتکرایەوە.
 
لەمبارەیەوە هیوا سوعاد دەڵێت، بۆ مانگی ئازار داوکاریمان پێشکێشکرد، بەڵام رەتکرایەوە، لە مانگی ئایار دووبارە داوایان کرد سازبکرێت، جارێکی دیکە رەتکرایەوە، مانگی ئاب جارێکی دیکە داوکارییان پێشکێشکرد و رەتکرایەوە، دواتر بە هەوڵی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری هەولێر و هونەرمەندان کۆبوونەوە و توانیان حکومەت رازی بکەن.
 
ئەوەی لە فێستیڤاڵەکەدا سەرنجڕاكێشە بەشداری گرووپی شانۆیی رووسیا و ئۆکراینایە کە ئێستا ئەو دوو وڵاتە لە جەنگدان و بەرهەمی هونەرمەندانی رووسیا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بایکۆتکراون.
 
سەرۆکی فێستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ، دەڵێت "پەیامی ئێمە ئەوەیە، کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی کە شوێنێکی سەقامگیرە و ئێمەی کورد بەردەوام هەوڵی ئاشتیخوازیمان داوە، دواتر ئۆکراینا و رووسیا کە دوو وڵاتی شەڕکەرن، لە هەولێرێکی سەقامگیر خۆیان دەبیننەوە، خۆی گرنگە دوو وڵاتی دژ بە یەک رازی بکەین لەسەر یەک تەختی شانۆ بەرهەمەکانیان نمایش بکەن".  
 
رەتکردنەوەی سازکردنی فێستیڤاڵەکە بەهۆی زۆری بودجەکەی بووە، هیوا سوعاد، بودجەکە ئاشکرا دەکات کە 180 ملیۆن دینارە و دەپرسێت ئەمە زۆرە؟ گوتیشی "خەڵکێک هەیە ئێوارەیەک یەک بۆنە ساز دەکەن، سی چل ملیۆنیان بۆ خەرج دەکرێت".
 
گوتیشی، هونەرمەندیان لە نۆ وڵاتەوە هێناوە و 15 شانۆگەری پێشکێش دەکەن و 230 هونەرمەندیان داوتکردووە و لە سێ هوتێل دەمێننەوە و رۆژانە خواردنیان بۆ دابین دەکرێت و خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ زێڕن.
 
چالاکییەکانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، کاژێر 6:00ـی ئێوارەی دوێنی شەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2022، لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر دەستیپێکرد و تاوەکو 18 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت و بینینی شانۆگەرییەکان بە خۆڕاییە و لە یەکەم رۆژدا شانۆگەری 'شالیر و جادووگەرانی ماگبێس' نمایشکرا.
 
جگە لە بەرهەمی شانۆیی کوردستان، بڕیارە بەرهەمی شانۆیی لە وڵاتانی رووسیا، ئۆکراینا، ئیتاڵیا، تورکیا، میسر، تونس، سووریا، ئێران، پۆڵەند، لیبیا، ئوردن و عومان بەشداربن.
 
لە رۆژانی دواتر، رۆژانە سێ نمایشی شانۆیی لە سێ شوێنی جیاواز نمایش دەکرێن، ئەویش هۆڵی رۆشنبیری، هۆڵی میدیا و هۆڵی چالاکی قوتابخانەکانە و لە دوایین رۆژی فێستیڤاڵیش شانۆگەرییەک لە هۆڵی پێشەوا نمایش دەکرێت، دواتر خەڵاتەکان پێشکێش بە براوەکانی فێستیڤاڵ دەکرێن.