شەوانە لە پارکێکی هەولێر فیلم پێشاندەدرێن

13-10-2022
پەسار فایەق
شەوانە لە پارکێکی هەولێر فیلم پێشاندەدرێن
شەوانە لە پارکێکی هەولێر فیلم پێشاندەدرێن
نیشانەکردن سینەمای کراوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک گەنجی دەرچووی کۆلێژی پزیشکی، لە یەکێک لە پارکەکانی هەولێر سینەمای کراوەیان کردووەتەوە و شەوانە فیلمی بیانی و کوردی پێشان دەدەن.
 
بینەر کاتێک سەردانی ئەو سینەما سەرئاوڵایە دەکات، بە دڵی خۆی شوێنێک بۆ دانیشتن هەڵدەبژێرێت و ئەو کورسیانەی دابینکراون، جێگیرکراو نین و بینەر شوێنیان دەگۆڕێت.
 
جگە لە پێشاندانی فیلم، خواردن بۆ بینەران دابینکراوە، لەوانە یاپراخ، تەنانەت دەتوانن لە ماڵەوەش خواردن لەگەڵ خۆیاندا بێنن.
 
محەممەد فارس، خاوەنی بیرۆکەی سینەمای کراوەیە و دەرچووی کۆلێژی پزیشکییە، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی کاریان لەسەر ئەو بیرۆکەیە کردووە و دەڵێت، حەزیان کردووە کار لەسەر پڕۆژەی نوێ بکەن، لە پاڵ چێژوەرگرتن لە بینینی فیلم، بینەر دەتوانێت چێژ لە سرووشت و خواردن و خواردنەوە وەربگرن. 
 
محەممەد جەلال، بینەری فیلمە و لە سینەمای کراوە ئامادەبوو، ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، لە هەر شوێنێک کاتێک سەیری فیلم دەکەیت، لە نێو چوار دیوار دایت، بەڵام لە نێو پارکدا چێژ لە سرووشت و خواردن و خواردنەوە ببینیت.
 
لە سینەما کراوەکەدا، فیلمی 'Dumb and Dumber' پێشاندرا، کە بەرهەمی 1994ـەوە و جیم کێری، ئەکتەری کۆمێدی کەنەدی - ئەمریکی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت و لە 2014 بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە بڵاوکراوەتەوە.
 
کانی ئیسماعیل، ئەویش بۆ بینینی فیلم لە سینەمای کراوە ئامادەبوو، ئەو دەڵێت، لەرێگەی کچە پوورەکەیەوە زانیویەتی سینەمای کراوە لە هەولێر کراوەتەوە و بڕیاریدا سەردانی بکات، بۆ ئەوەی لە ژیانیدا جارێک بینینی فیلم لەو جۆرە سینەمایە تاقی بکاتەوە. 
 
سینەمای کراوە جۆرێکی پێشاندانی فیلمە لە جیهاندا، بە تایبەت لە وەرزی هاوین و پاییزدا دەکرێتەوە، بینەران لە پارک و گۆڕەپانەکاندا بینەری فیلم دەبن.
 
بەشێک لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، بەشێک لە فیلمەکان لە سینەمای کراوەدا پێشاندەدەن، لەوانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم کان لە فەرەنسا.
 
جگە لە سینەمای نێو هۆڵ و سینەمای کراوە، جۆرێکی دیکەی سینەما هەیە، ئەویش سینەمای نێو ئۆتۆمبێلە کە لە گۆڕەپانێکدا بینەر لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیەوە سەیری فیلم دەکات.
 
سینەمای کراوە و سینەمای نێو ئۆتۆمبێل، دوو جۆری کۆن سینەمان لە جیهاندا، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی هۆڵە سینەماییەکان، پەنا بۆ ئەو دوو جۆرە سینەماییە بردرا.
 
پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم و دراما، لە سەردەمی کۆرۆنادا و بەهۆی داخستنی هۆڵە سینەماییەکان، بینەریان زیادی کرد، ئێستاش لە دوای دووبارە کردنەوەی هۆڵە سینەماییەکان، بینەران وەک جاران پێشوازی لە سینەماکان ناکەن، بەهۆیەوە بەشێک لە سینەماکانی ئەمریکا و جیهان داخراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان کە لای ئێرلاندییەکان بە 'زاک' ناسراوە و پۆستەرێکی بەڵگەفیلمەکەی

لە ئێرلاند بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی کوردێکی دیاسپۆرانشین نمایش دەکرێت

(ماڵ: چیرۆکی ژیانی زاک مۆرادی) ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئێستا لە ئێرلاند نمایش دەکرێت. بەڵگەفیلمەکە چیرۆکی ژیانی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتە باشووری کوردستان و عێراق و بەدوایدا دەگاتە ئێرلاند