هارڤی واینستن لە زیندانەوە بۆ دادگە

13-10-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن جێنيفەر نيوسم هارڤی واینستن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێدەچێت ئاڕاستەکردنی تۆمەتی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی بەرۆکی هارڤی واینستن، بەرهەمهێنەری سینەمایی ئەمریکی بەرنەدات کە ئێستا بە هۆی چەندین تاوانەوە لە زیندانە و بە تۆمەتی دیکە دووبارە دادگەیی دەکرێتەوە.
 
واینستن (70 ساڵ) بەهۆی چەندین تاوانی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی، بۆ ماوەی 23 بڕیاری زیندانی کردنی دراوە و ئێستا لە نیویۆرک لە زینداندایە.
 
جێنيفەر نيوسم، دەرهێنەری فیلم و هاوژینی گاڤن نيوسم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا لەگەڵ چوار ژنی دیکە، تۆمەتی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسیان خستووەتە پاڵ واینستن.
 
ئەگەر بێت ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو بەرهەمهێنەر سینەماییە کراون؛ بسەلمێندرێن، ئەگەری هەیە بۆ 140 دیکە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەربچێت.
 
بڕیارە جێنيفەر نيوسم لە بەردەم دادوەر لە لەس ئەنجلس ئامادە بێت و باس لە گیچەڵ و دەستدرێژی سێکسیی واینستن بکات کە لە ساڵانی نێوان 2004 تاوەکو 2013 روویانداوە.
 
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، واینستن ئەمجارەش پێداگری دەكات لە رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون و پێشبینی دەكرێت دادگەییکردنی ماوەی دوو هەفتە بخایێنێت.
 
پێشتر ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە تایبەتیش ئەوانەی لە بواری سینەمادا کار دەکەن، تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسیان دایە پاڵ واینستن، دیارترینیان هەردوو ئەستێرەی هۆلیوود ئەنجلینا جولی و سەلما حایک بوون.
 
هارڤی واینستن لە 19 ئازاری 1952 لە ئەمریکا لە دایکبووە، لەگەڵ براکەی بۆب واینستن، کۆمپانیای 'Miramax'ـی دامەزراند و چەندین فیلمی سینەمایی سەرکەوتووی بەرهەمهێنا، لەوانە فیلمی 'Videotape' لە 1989، فیلمی 'The Crying Game' لە 1992، فیلمی 'Pulp Fiction' لە 1994، فیلمی 'Flirting with Disaster' لە 1996 و فیلمی 'Shakespeare in Love' لە 1998.
 
لە 2005 کۆمپانیایەکی دیکەی لەگەڵ براکەی بەناوی 'The Weinstein Company' دامەزراند و تاوەکو 2017 کاری کرد و ستۆدیۆیەکی بەرهەمهێنانی فیلمی لەخۆگرتبوو.
 
واینستن، لە تشرینی یەکەمی 2017 بە تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە کۆمپانیاکە دوورخرایەوە، لە هەمانکاتتدا لە ئەکادیمیای هونەر و زانستی فیلمی جوڵاو دەرکرا.
 
تاوەکو 31 تشرینی یەکەمی 2017 زیاتر لە 80 ژن واینستنیان تۆمەتبارکرد، بەهۆیەوە کەمپینی 'MeToo' لە دژی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بە بەرفراونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و کاری لەسەر کرا.
 
واینستن، بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە لە ئایاری 2018 لە نیویۆرک دەستگیرکرا و لە شوباتی 2020 بەهۆی پێنج تاوانەوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو و لە دوای زیندانیکردنیشی بۆ ماوەی 23 ساڵ، سکاڵاکان لەسەری بەردەوامن.
 
بەهۆی بە تەمەندا چوونی هارڤی واینستن و نەخۆشکەوتنی، ئێستا لەسەر کورسییە و چەند جارێکی دیکە لە دادگا ئامادە بووە، بەڵام توانای وەستان لەسەر قاچەکانی نەبووە.
 
لە ئازاری 2020 لە زینداندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و باری تەندروستیی تێکچوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە