رووداو - سلێمانی
تەماشاکارانی شانۆگەریی "تۆ مەچۆ بۆ شەڕ" لە سلێمانی دەڵێن، سلێمانی و خوازیارانی هونەر تینوی بەرهەمی نوێی هونەرین و پێویستە بەرهەمی هاوشێوە بەردەوام هەبن.
رووبار خالید، خانمە ئەکتەر دەڵێت، "دڵخۆشم کە ئەم کاستە جوانە ئەم بەرهەمە باشەیان نمایش کرد و هیوام بەردەوامییانە."
ساوان خالید، هونەرمەند ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ بینینی ئەو شتانەی بە واقیع نین و ناتوانی بیانبینیت، وەرە سەیری ئەم شانۆییە بکە بۆئەوەی شتی جوان ببینیت."
کاژێر و نیوێک نواندنی ئەکتەرەکان سەرنجی بینەرەکانیان بۆسەر تەختی شانۆ راکێشا، هەمووان بە چێژەوە تەماشایان دەکرد، ئەکتەرەکان بەشێکیان ئەو کوڕ و کچە گەنجانەن کە نوێن لە بواری شانۆ بە هەماهەنگیی دەرهێنەر و ئەکتەرە بەئەزموونەکان نمایشێکیان ئەنجام دەدەن کە بینەر چێژی لێوەردەگرێت، رۆژانی ئامادەکاری بۆ نمایشەکە باسدەکەن.
زنار نزار، ئەکتەر دەڵێت، "زۆر قورس بوو، ماندوویش بووین، پێنج مانگە بەردەوام لە ئامادەکاریداین، بەڵام کە دەبینین ئەو خەڵکە دێن سەیر دەکەن و چەپڵە لێدەدەن، ماندووێتیمان لەبیردەچێتەوە."
کەنار سەرچڵ، ئەکتەر باسی لەوە کرد، "لەبەرکردنی دەقێکی شانۆیی کە هەمووی شیعرە، قورسە بۆ ئەکتەر و ماندوو بووین، بەڵام بە هاوکاریی هاوڕێکانمان توانیمان کارێکی باش ئەنجام بدەین."
ئەکتەرێکی دیکە بەناوی تێشوو نامیق گوتی، "ماندوو بووین، بەڵام پێنج مانگ پرۆڤە وایکرد بتوانین ئەو وزەی هەمانە سەرفی بکەین و نمایشەکە ئەنجام بدەین."
تەواوی دەقی شانۆگەرییەکە لە هۆنراوەکانی ماردین ئیبراهیم، شاعیری ناسراوی کورد وەرگیراون. باسی شانۆگەرییەکە، بەبێ دیاریکردنی شوێن و کاتێکی دیاریکراو، باس لە خۆپاراستن لە شەڕ و خراپی و ماڵوێرانییەکانی جەنگ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ