ئەمشەو بڵند ئیبراهیم کۆنسێرتێک لە هەولێر سازدەکات
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند بڵند ئیبراهیم، کۆنسێرتێک بۆ هەودارانی لە هەولێر سازدەکات و گوڵبژێرێک لە بەرهەمە کۆن و نوێیەکانی پێشکێش دەکات.
ریمۆند عەبوود، رێکخەری کۆنسێرتەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە درێژەی کۆنسێرتەکانیاندا لە هەولێر بۆ هونەرمەندانی کورد و بیانی، کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەند بڵند ئیبراهیم ساز دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە کاژێر 21:00ـی ئەمشەو دووشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2022 سازدەکرێت، تێیدا گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کۆن و نوێیەکانی پێشکێش دەکات.
'دلێ من بو تە یە' دوایین بەرهەمی ئەو هونەرمەندەیە کە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکرایەوە و لە ماوەی هەشت مانگدا زیاتر لە چوار ملیۆن و 300 هەزار بینەری هەیە.
بڵند ئیبراهیم لە دهۆک لە دایکبووە، ماڵباتەکەی لە 1974 لە شنگالەوە روویان لە دهۆک کردووە و لەو شارە نیشتەجێبوونە، دەرچووی بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی دهۆکە و لە کۆلێژ درێژەی بە خوێندن داوە و لە 1986 یەکەم بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە، ئەویش گوتنەوەی گۆرانییەکی هونەرمەند محەممەد شێخۆ بووە.
ئەو هونەرمەندە کوردە لە 1991 لەگەڵ تیپی مۆسیقای پێشەنگ وەک گۆرانیبێژ بەشداری لە چەندین ئاھەنگدا کردووە، لە 1994 یەکەم گۆرانی تایبەت بەخۆی بەناوی 'بالا بالا' تۆمارکردووە، لە 2001 لەرێگەی گۆرانی 'هێلینا زێڕین' ناوبانگییەکی زۆری پەیداکرد.
'هێلینا زێڕین'، 'وەرە پەری'، 'گەڕیانەک'، 'مۆمی تەمەن' و 'جارەکا دی' لە ئەلبوومەکانی ئەو هونەرمەندەن.