خانمە دیزاینەرێکی کورد بنێشتی کوردی کردووەتە کەرەستەی دیزاینەکانی

 
رووداو دیجیتاڵ

بنێشتی کوردی لەنێو کوردی دیاسپۆرادا هەوادار و دژبەری زۆرن. زۆر کەس کە دەچێتەوە کوردستان، یەکێک لەو شتانەی دەیهێنێت ئەو بنێشتەیە؛ هەستێکی نۆستالژیی تێدایە و دەشڵێن، "بۆ تەندروستی باشە."
 
هیچ نەبێت باشترە لەو بنێشتانەی لە ئەورووپا هەن و شەکریان تێدایە. کەسانێک هەن بە پێکەنینەوە دەڵێن، "بنێشتێک نەتوانیت بڵقی پێ دروست بکەیت، بنێشت نییە." دەڵێن، کاتی خۆی سەدام حوسێنیش گاڵتەیەکی رەگەزپەرستانەی بە خۆبەڕێوەبەریی کوردی کردووە و گوتوویەتی، "بنێشتی کوردیم بیستووە، بەڵام حکومەتی کوردی نا." لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بنێشتی کوردی بەشێکە لە سامانی کولتووری و ئابووریی کوردستانیش، هەر ئەمەش وای لە خەندە کەریم کردووە کارێکی زۆر تایبەتی پێبکات.
 
شارەزایانی دیزاین لە سەرتاسەری جیهان دەچنە ئەمستەردام و لەوێ یەکێک لەو کارانەی دەیبینن، بنێشتە کوردییەکەی ئەو خانمە دیزاینەرە کوردەیە.
 
خەندە میوانی دیاسپۆرابوو لە ستۆدیۆ و گوتی، "من رید فێڵ ئەکادیمم بۆ دیزاین لە ئەمستەردام تەواو کرد و هەوڵم دا تابلۆکانم بە جیاوازتر لە شێوەکاران دروست بکەم." دەشڵێت، "پێم گرنگ بوو بنێشتی کوردی لە دیزاینەکانم بەکاربهێنم و بەو هۆیەوە سەرنجی بینەران رابکێشم."
 
ئەو خانمە دیزاینەرە، کە خەڵکی شارۆچکەی مەخمووری سەر بە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە و هێشتا بە زمانێکی کوردیی پاراو قسە دەکات، لە کاتێکدا تەمەنی تەنیا شەش ساڵ بووە، لەگەڵ خانەوادەکەی گەیشتووەتە هۆڵەندا؛ باسی لەوە کرد، "چیاکانی کوردستان کوردی یەکخستووە و پێکەوەی گرێداوە، لە تابلۆکانم ئەمە بە باشی رەنگدەداتەوە."
 
خەندە دەشڵێت، "خەڵک پرسیارم لێدەکەن بۆچی بنێشتی کوردی بەکاردەهێنیت؟ منیش دەڵێم: چونکە بنێشتی کوردی رۆحی مرۆڤی لەخۆگرتووە و زۆر بە باشی خۆی دەنوێنێت، بۆیە هۆڵەندییەکان بەلایانەوە سەیر بوو کە بنێشتی کوردیم بۆ تابلۆکانم بەکارهێنا."