تۆم هانکس و هاوژینەکەی تووشی کۆرۆنا بوون
رووداو- هەولێر
تۆم هانکس، ئەکتەری نێوداری ئەمریکی و ئەستێرەی هۆڵیوود بڵاویکردەوە، کە خۆی و هاوژینەکەی تووشی کۆرۆنا بوون.
تۆم هانکس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامی خۆی نووسیویەتی خۆی و خێزانەکەی سەردانی ئوسترالیایان کردووە، هەستیان بە ماندوویەتی و هەناسەبڕكێ و ئازارکردووە، کە پشکنینیان بۆ کراوە دەرکەوتووە هەڵگری کۆرۆنان.
تۆم هانکس هەر لە ئینستاگرامەکەی دەڵێت بەرپرسانی تەندرووستی رێوشوێنیان هەیە دەبێت پێیەوە پابەند بین، دەشڵێت رێوشوێنەکان خۆ کەرەنتینکردن و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندرووستییەکانە. تۆم هانکس بەردەوام لەسەر تەندرووستی خۆی خەڵکی ئاگاداردەکاتەوەو داوایان لێ دەکات رێکارە تەندروستییەکان بە وردی جێبەجێ بکەن.
تۆم ھانکس، ئەکتەر و دەرھێنەر و سیناریۆنووسی ئەمریکی لە ساڵی 1956 لە کالیفۆرنیا لە دایکبووە. لە ژیانیدا چەندین خەڵاتی بەنرخی بەدەستھێناوە لەوانە ٢ جار خەڵاتی ئۆسکار و خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی گیڵت و خەڵاتی پیپڵ چۆیز.