هەڵکەوت مستەفا بە پرۆژەیەکی نوێ بەشداریی لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور دا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەڵکەوت مستەفا، ئەو دەرهێنەرەی بە فیلمی "شاردنەوەی سەدام" بەشداریی لە خولی سێیەمی فێستیڤاڵی دەریای سوور دا کرد، لە خولی چوارەمیشدا پڕۆژەیەکی نوێی بە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە ناساند.
فارووق، ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئەمجارە هەڵکەوت مستەفا بەرهەمی دەهێنێت. فارووق چیرۆکی زانایەکی جیۆلۆجیی عێراقییە، کە لە نەرویج پەرەی بە کەرتی نەوت دا و خزمەتی خەڵکەکەی پێکرد.
هەڵکەوت مستەفا، لەبارەی پرۆژە نوێکەیەوە دەڵێت، "لەساڵی 2020ـەوە خەریکی پرۆژەکەم، لەگەڵ فارووق زیاتر لە 50 کاژێر گفتوگۆم بە زمانێکی سینەمایی کردووە. فارووق، دەبێتە بەڵگەفیلمێکی سینەمایی و لە جیهان بڵاودەکرێتەوە."
بەهۆی بەهێزیی چیرۆکی فیلمەکەوە لە مانگی 10ـی ئەم ساڵدا لەلایەن فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە چوارچێوەی پرۆژەکانی بازاڕ - پەرەپێدانی فێستیڤاڵەکە، دانرا. لەکاتێکدا فێستیڤاڵەکە تەنیا 10 پڕۆژەی بۆ ئەم بەشە هەڵبژاردووە.
ئەو 12 پرۆژەیەی هەڵبژێردراون سعودیە پاڵپشتییان لێدەکات و ئامانجییەتی بە سینەمای وڵاتەکە ئاشنایان بکات.
سیزە زاد، بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە قۆناخی پەرەپێدانی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، "خەڵاتی فەندی دەریای سوورمان هەیە، خەڵاتەکان لە 11 مانگ دا دابەش دەکرێن، سپۆنسەریشمان هەیە و خەڵاتی جیاوازی سپۆنسەرەکانمان بۆ پرۆژەکان هەیە، پڕۆژەکان زۆر دەرفەتیان دەبێت لەم فێستیڤاڵە؛ جگە لەوە کۆبوونەوە و دیداری یەک بە یەکیان بۆ رێکدەخرێت کە دەتوانن لە رێگەی ئەمەوە پرۆدیوسەر و بڵاوکەرەوە پەیدا بکەن."
بەڵگەفیلمەکە لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو و کۆمپانیای هەنێی نەرویجی بەرهەمدەهێنرێت و لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویج پاڵپشتیی دارایی دەکرێت.
وا بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2025 کاری بەرهەمهێنانی تەواو بکرێت و سەرەتای 2026 بڵاوبکرێتەوە.
هەڵکەوت مستەفا دەڵێت، "زۆر گرنگە کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەبێت لە دەربڕین و گێڕانەوەی چیرۆکەکاندا بەشداربێت. ئەم ئەزموونەم لە فیلمی سەدامەوە وەرگرت، ئێمە هێز و توانای ئەوەمان هەبوو چیرۆکێکی رەسەن بگێڕینەوە، ئێستاش کە پرۆژەی فارووق بووە بە رووخساری سعودیە و ئەو 12 پرۆژەیە دەبنە رووخساری سعودیە بۆ ئەمساڵ، زۆر گرنگە ئێمە وەکو کورد لە بڕیاردان لە گێڕانەوەی چیرۆکەکان بەشدار دەبین".
هەڵکەوت مستەفا بە فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" توانی ناوبانگێکی زۆر لە جیهانی عەرەبیدا بەدەستبهێنێت. بەڵگەفیلمەکەی بووە پڕبینەرترین بەڵگەفیلم لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبیدا.