رووداو دیجیتاڵ
جوان حاجۆ، هونەرمەندی دیاری کوردستان باس لە گۆرانیی 'ئەسمەر' دەکات کە لە ساڵی 2014 دا لەگەڵ هولیا ئاڤشار گوتوویەتی و دەڵێت، بۆیە هولیای بۆ کلیپەکەی پێشنیاز کردووە چونکە کوردە.
جوان حاجۆ، هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، رۆژی 3-12-2023 میوانی پۆدکاستی 'چۆن روویدا'ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، وەڵامی پرسیارەکانی دلبخوین دارای دایەوە و باسی ئەو کلیپەی کرد کە لەگەڵ هولیا ئاڤشار (ماڤی) دروستیان کرد.
لە بەشێکی بەرنامەکەدا جوان حاجۆ باسی ئەو کاتەی کرد کە سەردانی باکووری کوردستان و تورکیای کردووە و بەڕێوەبەری کارەکانی ئایهان ئەڤجی ژمارەیەک هونەرمەندی بۆ پێشنیازکردووە بۆ ئەوەی دوێتێک بکەن. حاجۆش، هولیا ئاڤشاری پێشنیاز کردووە.
لەبارەی ئەو گۆرانییەی لەگەڵ هولیا ئاڤشار بە زمانی کوردی گوتوویانە رایگەیاند: "هولیا کەسێکی هێژا و باشە، بەرهەمی هونەریی باشی هەن. جگە لەوەش هولیا کوردە کە ئەمە بۆ من زۆر گرنگە".
سەبارەت بەوەی کە ئایا هولیا ئاڤشار کوردبوونی خۆی ناشارێتەوە و نکۆڵی لێناکات؟ جوان حاجۆ گوتی: "دەڵێت من کوردم. جا سەرەتا ئایهان تێدەگەیشت کە بۆچی من هولیا ئاڤشارم هەڵبژاردووە، بەڵام کاتێک بینی کلیپەکە بینەری زۆرە، ئەوکات حەقی پێدام و تێگەیشت".
حاجۆ: لەگەڵ تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی، پەیوەندیی من و ئاڤشار لاواز بوو
لەبارەی دروستبوونی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ هولیا ئاڤشار و ئەگەری کاری دیکەی هونەری لە داهاتوو، حاجۆ گوتی: "دوای ئەو کارەمان پەیوەندییەکە ئەوەیە کە جار جار نامە و تەلەفۆن دەکەین. دوای ئەوەی پرۆسەی چارەسەری تێکچوو، نەمانتوانی هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین. من شەش ساڵە نەڕۆیشتوومەتە تورکیا. هەموو شتەکان ئاوەژوو بوونەتەوە، بەداخەوە". جوان حاجۆ باسی لەوە کرد کە ئەگەر پرۆژەی ئاشتی بەردەوام بووایە، بیری لە کاری نوێ لەگەڵ هونەرمەندانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکردەوە.
حاجۆ: ئەگەر پرۆسەی ئاشتی بگەڕێتەوە، منیش دەگەڕێمەوە
جوان حاجۆ هەروەها باسی لەوە کرد، ئەوکات دۆخی باکووری کوردستان زۆر ئارام بوو و ئاسایش هەبوو، هەروەها نموونەی بە وان و میدیات هێنایەوە. سەبارەت بە ئەگەری رۆیشتنی بۆ تورکیا گوتی: "بابەتەکە ئەوەیە، ئێستا کورد لە تورکیا ئازاد نین. لە باکووری کوردستان و تورکیا کورد گوشاری زۆریان لەسەرە. دۆخەکە گۆڕدراوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بگەڕێتەوە ئەوکاتەی ئاکپارتی پرۆسەی چارەسەریی کارا کردبوو، من دەگەڕێمەوە ئەوێ و لە خزمەت خەڵکی خۆمدا دەبم. بەڵام دۆخەکە ئارام نییە و ئەو کەسەی دەڵێت من کوردم، دەگیرێت و دەخرێتە زیندان. تۆمەت چییە؟ دەڵێن تیرۆر! ئەمە ستەمە".
حاجۆ ساڵی 2003 کۆنسێرتێکی ملیۆنیی لە ئێلیهـ سازکرد
سەبارەت بە سازدانی کۆنسێرت لە باکووری کوردستان، جوان حاجۆ رەتیکردەوە بڕواتە ئەوێ و کۆنسێرت بکات. هۆکارەکەشی بۆ ئەوەی گەڕاندەوە کە ئێستا ئاسایش و ئارامی نییە و دۆخی کورد باش نیە. هەروەها باسی لەوە کرد زۆر سەختە ئێستا کۆنسێرتێکی هاوشێوەی کۆنسێرتەکەی پارێزگای ئێلهی باکووری کوردستان بڕەخسێت کە ئەوکاتە نزیکەی ملیۆنێک کەس ئامادەی بوون. حاجۆ جەختیکردەوە لەبەر ئەم هۆکارانەیە نەیتوانیوە بیر لە کۆنسێرتێکی دیکە و بەرهەمێکی هاوشێوەی ئەو کلیپە کوردییە بکاتەوە کە لەگەڵ هولیا ئاڤشار بەرهەمیهێنا.
جوان حاجۆ عاشقی هولیا ئاڤشار بووە؟
جوان حاجۆ سەبارەت بەو دەنگۆیەی باس لەوە دەکات گوایە ئەو لەوکاتە عاشقی هولیا بووە، گوتی: "هولیا بۆ من هاوڕێیەک بوو و ئێستاش وەکو هاوڕێیەک ئەوم خۆشدەوێت. ئەو مرۆڤێکی زۆر باشە".
پۆدکاستی "چۆن روویدا" دەنگدانەوەی لە میدیای باکووری کوردستان و تورکیا دروستکردووە؛ لە میدیای باکووری کوردستان و تورکیادا بابەتی کوردبوونی هولیا ئاڤشار بووەتە رۆژەڤ و رووداو وەکو سەرچاوە ئاماژەی پێکراوە. هەروەها بەشێکی زۆر لە میدیاکان وەکو هەواڵ بڵاویان کردووەتەوە و پۆدکاستەکەی جوان حاجۆ و دلبخوین دارا بووەتە جێی گفتوگۆی زیاتری هاونیشتمانیان. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باس لە جوان حاجۆ و هولیا ئاڤشار دەکرێت و کلیپە هاوبەشەکەشیان دووبارە کەوتووەتەوە رۆژەڤ.
دوێتە کوردییەکەی جوان حاجۆ و هولیا ئاڤشار
ساڵی 2012 و لە گەرمەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کرد کە شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە وەستێندرابوو، کلیپێکیان بە زمانی کوردی بەناوی 'ئەسمەر' بڵاوکردەوە. تێکستی کلیپەکە لەلایەن دلبەر حاجۆ هۆنراوەتەوە. هەریەک لە ئەحمەد بیکیچ و دامڵا دەمیرجیئۆغڵو وێنەیان گرتووە. ئایهان ئەڤجی دەرهێنەری کلیپەکەیە. هەریەک لە ئومیت یڵماز، عەلی بوسسە، ئاتا گیونەر، ستیڤان پەفیر و گەریت هەینەمان وەکو میوزیکژەن بەشدارییان کردووە.
تێکستی گۆرانییەکە بە کورمانجی:
Ne esmerî tu ne gewrî oy canê
Ne esmerî tu ne gewrî oy canê
Rengêk delal li ser te ye oy canê
Lê herdem tu ser ya xiweyî oy canê
Rengêk delal li ser te ye oy canê
Lê herdem tu ser ya xiweyî oy canê
Çend salê min benda te mam oy canê
Çend salê min benda te mam oy canê
Ma ne bese sozê dila oy canê
Madem dinya her mirine oy canê
Ma ne bese sozê dila oy canê
Madem dinya her mirine oy canê
Dikim nakim, te ji bîr nakim, oy canê
Dikim nakim, te ji bîr nakim, oy canê
destê min e, ji te hez dikim, oy canê
Ne gunehê min e, dil te divê, oy canê
Destê min e, ji te hez dikim, oy canê
Ne gunehê min e, dil te divê, oy canê
جوان حاجۆ کێیە؟
رۆژی 17-8-1957 لە (تربەسپیێ)ی سەر بە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. لە بنەماڵەی حاجۆ ئاغایە کە لە دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ناوچەی مێردینیان جێھێشتووە. جوان حاجۆ لە منداڵییەوە خولیای میوزیک بووە. ساڵی 1979 کوردستان بەرەو ئەڵمانیا جێدەھێڵێت. لە زانکۆی (روهربۆچم) دەست بە خوێندنی میوزیک دەکات. ساڵی 2004 رێگەی پێدرا لە تورکیا کۆنسێرت سازبکات کە پێشوازییەکی زۆر گەورەی لێکرا و ئێستاش ئەو قەرەباڵخییەی کۆنسێرتەکەی حاجۆ لە کوردستان و ناوچەکەدا جێی باسە. حاجۆ خاوەن دەیان گۆرانییە بە زمانی کوردی کە بەشێکی زۆر لەو گۆرانییانەی لە وڵاتانی ئەوروپا بەرهەمهێناون. هەروەها چەندین کۆنسێرتی لە کوردستان و وڵاتانی دیکە سازکردووە. حاجۆ لە فیلمی دۆڵ (2007) کە ھونەر سەلیم دەرهێنەرەکەی بوو، رۆڵی گێڕا.
هولیا ئاڤشار (ماڤی) کێیە؟
هونەرمەندی ناسراوی باکووری کوردستان و تورکیا، هولیا ئاڤشار کە بە (ماڤی)ش ناسراوە، ساڵی 1963 لە پارێزگای باڵکئەسیری تورکیا لەدایکبووە. باوکی (جەلال ئاڤشار) خەڵکی ئەردەخانی باکووری کوردستانە و لە هۆزی ئاڤشارە. هولیا ئاڤشار بەهۆی ئەرکی فەرمانبەرێتیی باوکییەوە تەمەنی منداڵیی لە ئەنقەرە بەسەربردووە.
ساڵی 1980 لە تەمەنی 16 ساڵیدا ژیانی هاوژینیی لەگەڵ خوێندکارێکی بەشی کشتوکاڵی زانکۆی ئەنقەرە بەناوی محەممەد تەجیرلی پێکهێنا، بەڵام ماوەی هاوسەرگیرییەکەی زۆری نەخایاند و جیابووەوە.
هولیا ئاڤشار لە ئیستەنبووڵ داواکاریی خرایە بەردەم بۆ ئەوەی کار لە نواندنی رێکلامیدا بکات. ئەگەرچی باوکی رازی نەبوو، بەڵام ئاڤشار داواکارییەکەی پەسندکرد و یەکەمین رێکلامی بۆ شامپۆی بلینداکس کرد و لە بەرامبەر ئەو رێکلامە 600 ملیۆن لیرەی وەرگرت.
ساڵی 1982 بەشداریی لە پێشبڕکێی شاجوانان کرد کە لەلایەن رۆژنامەی بوڵڤار رێکخرا. ئاڤشار پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و تاجی خرایە سەر، بەڵام دوای ئەوەی زانرا ئەو پێشتر ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، تاجەکەی لێسەندرایەوە. ئەو بابەتە ماوەی زیاتر لە مانگێک لە رۆژەڤدا بوو و قسەی لەسەر کرا. بەوجۆرە هولیا ئاڤشار زیاتر ناسرا. ژمارەیەک دەرهێنەر دەستەوارەیان بۆ نارد تا کاریان لەگەڵدا بکات. ئاڤشار بەشداری لە فیلمێک بەناوی "حەرام" کرد و لەگەڵ ئەکتەران فیکرەت هاکان و ساڵح گیونەی رۆڵی پاڵەوانی فیلمەکەی گێڕا. هولیا بە خێرایی لە بواری فیلم و سینەمادا چووە پێشەوە و لە ماوەیەکی کورتدا بەشداریی لە نزیکەی 70 فیلمدا کرد. دواتر بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەستی بە خوێندنی میوزیک کرد.
ساڵی 1995 یەکەمین ئەلبوومی گۆرانیی بە ناوی 'برینی پەنهان' بڵاوکردەوە. ساڵی 1998 ئەلبوومێکی دیکەی بە ناوی 'ژیان وەهایە' بڵاوکردەوە. سەرەڕای ئەم بەرهەمانەش، بەڵام هولیا ئاڤشار هەر زیاتر بە فیلمەکانی دەناسرێت نەوەک گۆرانییەکانی.
ئاڤشار ، 17 ساڵ دوای جیابوونەوەی لە محەممەد تەجیرلی، لەگەڵ بازرگانێک بە ناوی کایا چیلینگیرئۆغڵو ژیانی هاوژینیی پێکهێنا. کچێکیان بە ناوی زەهرا هەیە. ساڵی 2009 ئاڤشار لە چیلینگیرئۆغڵوش جیابووەوە.
هولیا ئاڤشار لە نێوان ساڵانی 1988-2013 بە گشتی 11 ئەلبوومی گۆرانیی بەرهەمهێناوە. هەروەها بەشداریی لە چەندین دراما، فیلم و پرۆگرامی تایبەتدا کردووە و چەندین خەڵاتی پێ بەخشراوە. بەهۆی ئەوەی لە فیلمی ماڤی (شین) لەگەڵ ئیبراهیم تاتڵیسەس بەشداری کرد کە تاتڵیسەس گۆرانییەکیشی بە ناوی 'ماڤی ماڤی ماس ماڤی' دەرکرد، هولیا ئاڤشار بە 'ماڤی'ش دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ